بۆچی هەندێک کەس ڕقیان لە سەلەفییەکانە؟

بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
جێی سەرسوڕمان نییە کە سەلەفییەکان لەم سەردەمی شێواندنی ڕاستییەکاندا هێرشیان دەکرێتە سەر، چونکە ئەوان کەسانێکن ڕاهاتوون لەسەر ئەوەی شتەکان بە ناوی خۆیانەوە ناو بنێن، بەبێ دووڕوویی و چەواشەکاری. هەروەها بە نیوەی ڕاستییەکان ڕازی نابن و ئایینەکەیان لە بازاڕی ڕووکەشکاریدا نافڕۆشن.
١. لە بابەتى ناوبردنی دەسەڵاتداران:
سەلەفییەکان حاکمی وڵاتی موسڵمانان بە "وەلی ئەمر" ناو دەبەن، هەروەک چۆن شەرع ئاماژەی پێداوە، مادام خاوەن هێز و دەسەڵاتە و حوکمی موسڵمانان دەکات. بەڵام تەکفیرییە توندڕەوەکان ئەم ناو لێنانە بە خراپ دەزانن و دەڵێن: "چۆن کەسێکی کافر یان تاغوت بە وەلی ئەمر ناو دەبرێت؟!" وەک بڵێی حاکم تەنها کاتێک بە وەلی ئەمر ناودەبرێت کە وەک ئەبوبەکر و عومەر بێت! پاشان بە درۆ سەلەفییەکان تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە ئەوان ئەم حاکمانەیان هەڵبژاردووە و دایناون، بێ ئاگا لەوەی کە سەلەفییەکان نە کەس دادەمەزرێنن و نە کەسیش دیاری دەکەن، بەڵکو تەنها وەسفی واقیع دەکەن بەپێی پێوەری شەرع.
٢. لە ئاگادارکردنەوە لە حیزبایەتی:
سەلەفییەکان پێیان وایە کە جیابوونەوە و حیزبایەتی لەنێوان موسڵماناندا دەردێکی کوشندەیە، ئوممەت لاواز دەکات و ڕیزەکان پەرت دەکات. بۆیە لێی ئاگاداریان کردۆتەوە، بەمەش حیزبییەکان تووڕە بوون و تۆمەتباریان کردن بەوەی کە لەگەڵ "کۆمەڵە ئیسلامییەکان"دا نین، وەک بڵێی لای ئەوان دڵسۆزی بۆ هەق نییە، بەڵکو بۆ ئاڵا و دروشمەکانە.
٣. لە ڕاستکردنەوەی عەقیدە:
سەلەفییەکان لە بابەتی یەکتاپەرستیدا ڕووکەشکاری ناکەن و هاوارکردن لە مردووان و کڕنوش بردن بۆیان بە پەرستنی غەیری خودا ناو دەبەن، هەروەک چۆن قورئان و سوننەت ناویان بردووە. بەهۆی ئەمەوە گۆڕپەرستان تووڕە بوون و تۆمەتباریان کردن بە دوژمنایەتی کردنی پیاوچاکان، لە کاتێکدا نەشیانزانیوە کە گەورەترین دڵسۆزی بۆ پیاوچاکان بریتییە لە بەرگریکردن لەو یەکتاپەرستییەی کە ئەوان هێناویانە.
٤. لە بەرەنگاربوونەوەی بیدعە:
هەر شتێک لە ئاییندا دابهێنرێت و خودا ڕێگەی پێنەدابێت، سەلەفییەکان بە بیدعەی ناو دەبەن، لەبەر فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ): «هەموو داهێنراوێک بیدعەیە». بەهۆی ئەمەوە داهێنەران (مبتدعة) تووڕە بوون و بە توندڕەو یان دواکەوتوو ناویان بردن، چونکە بێزار بوون لەو کەسانەی کە خەڵکی لە خەوی شوێنکەوتنی کوێرانە بەئاگا دەهێنن.
٥. لە هەڵوێستیان بەرامبەر "دەستوەردان لە دوژمنان":
سەلەفییەکان جیاوازی دەکەن لەنێوان جیهادی شەرعی و دەستدرێژی بێ بیرکردنەوە کە دەبێتە هۆی لەناوچوون. ئەوان وروژاندنی ئاژاوە لەگەڵ دوژمنی بەهێزدا بە گەندەڵی ناو دەبەن نەک جیهاد، هەروەک لە چەندین شوێندا ڕوویداوە کە کارەسات و وێرانی بەسەر ئوممەتدا هێناوە. بەمەش کەسانی پەرۆش تووڕە بوون و سەلەفییەکانیان تۆمەتبار کرد بەوەی دژی جیهادن و لەگەڵ کافرانن!
٦. لە وەسفکردنی واقیعدا:
کاتێک سەلەفییەکان لە واقیعی خەڵکی ستەملێکراوی غەززەدا زیان و وێرانییەکی زیاتر دەبینن لە سەرکەوتن و ظەفەر، بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزییەوە باسی دەکەن، نەک لەبەر خۆشی دەربڕین بە بەڵای ئەوان، بەڵکو لەبەر بەزەیی و ڕوون کردنەوەیە. بەمەش کەسانی پەرۆش تووڕە دەبن و ئەمە بە ساردکردنەوە لە جیهاد دەبینن، چونکە نایانەوێت کەسێک باسی باجی قورسی بڕیارە پەلەپەلەکانیان بکات.
بەم شێوەیە سەلەفییەت بووە و هەر واش دەمێنێتەوە: دەمامکی ڕووکەشکاری لەسەر حسابی عەقیدە لەسەر ناکات، و زاراوەکان ناگۆڕێت بۆ ڕازیکردنی جەماوەر، و لەبەر خودا لە لۆمەی لۆمەکاران ناترسێت.
خوای گەورەش دەفەرموێت: ﴿وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا﴾ واتە: "قسەی چاک لەگەڵ خەڵکیدا بکەن"، نەیفەرمووە: "قسەیەک بکەن کە ڕازییان بکات!".
د.عبداللطيف أحمد الأمين
٣/سەفەر/١٤٤٧ک