كێ لەوە دەوەشێتەوە دروستکراوى ئەمریکاو صەهیۆنیەت بێت؟

• ئایا ئەو سەلەفیانە لەوە دەوەشێنەوە کە:
لە لایەنى دیندارییەوە بیروباوەڕیان تەوحیدەو شوێن کەوتنیان بۆ سوننەتى پێغەمبەرە ﷺ و لەسەر ئەو ئیسلامە دەڕۆن کە سەلەفى صاڵح لەسەرى بوون و بەهیچ شێوازێک ڕازى نین بچوکترین شیرک يان بیدعە یان گۆڕانکارى لە دیندا بکرێت،
وە لە لایەنى سیاسەت و هەڵسوکەوتیش چاويان لە كورسى دەسەڵات نییەو پارێزگارى لە ئەمن و ئاسایشى وڵاتەکەیان دەکەن و خوێنى موسڵمانانیان لا گرنگەو بە هیچ شێوازێک نایانەوێت ئاشوب و فیتنە دروست بکەن و ئاژاوە بنرێتەوە لە وڵاتدا؛ بۆ ئەوەى وڵاتەکەیان لاواز نەبێت و موسڵمانان پەرتەوازەو دژ بەیەک نەبن و درزو کەلێن دروست نەبێت دوژمنانى ئیسلام تیایدا بێنە ناومان و بیانویان هەبێت بۆ داگیرکردنمان، وە هەڵوێستیشیان بەرامبەر ستەم و گەندەڵى و خراپەکارى دەسەڵاتدارانى موسڵمان بریتییە لە ئامۆژگارى کردنى بەردەوام و ئینکارى کردن لە خراپە بە شێوازێکى حەکیمانەو سود بەخشانە، وە دوعاى خێر کردن و پەروەردەى باشى کۆمەڵگا، چونکە کە میللەت باش بون خواى گەورەش دەسەڵاتدارى باشیان بۆ دادەنێت ( کیفما تکونوا یولى علیکم)
• یان ئەو ئیخوانانە لەوە دەوەشێنەوە کە:
لەلایەنى دیندارییەوە بیروباوەڕیان هەمە جۆرەیەو لە تەنها خوا پەرستەوە تیایاندایە تاوەکو گۆڕ پەرست، وە لە سوننەوە تا شیعە، وە لە قورئانییەوە تا عەقڵانى و موعتەزیلى وە لە دیموکڕاسییەوە تا لیبڕالى، وە لە باڵا پۆشەوە بۆ سافیرە، وە بیدعە بەلاى زۆریانەوە وەک سوننەت وایە، وە ئیسلامیان دەوێت بەو شێوازەى عەقڵ و سیاسەتى خۆیان قەبوڵیەتى نەک بەو شێوازەى سەلەفی صاڵحى لەسەر بوون.
وە لە لایەنى سیاسەتی و هەڵسوکەوتیش حزبى سیاسییان دروست کردووەو موسڵمانانیان پارچە پارچە کردووەو لەناو هەموو دوڵەتێکى موسڵمان دەوڵەتى خۆیانیان دروست کردووەو سەرکردەى خۆیانیان هەیەو بەیعەتیان پێ داوەو ئیعتراف بە هیچ سەرکردەى وڵاتێکى موسڵمان ناکەن لە خۆیان نەبێت، وە بە طاغوت ، وە بەردەوام لەهەوڵێ ئەوەدان سود ببینن لە گەندەڵى حکومەتەکان لەلایەک و لە توڕەیى خەڵکەکەش لە لایەکى ترەوەبۆ ئەوەى ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ پڕۆژەى خۆیان و ڕاى خەڵکى ناڕازى کەسب بکەن بۆ خۆیان وە زیاتر گڕیان تێ بەربدەن بۆ دژایەتى کردنى حکومەت و کردنیان بە سوتەمەنى و پەیژە بۆ ئەوەى بەسەریاندا سەربکەون بۆ کورسى دەسەڵات، وە هەرکاتێکیش بونە مەترسى گەورە لەسەر حکومەت، ئەو کاتە دەسەڵاتدارانى حکومەت پەنا دەبەن بۆ وڵاتە زلهێزەکان بۆ پاراستنیان، لەبەرامبەریشدا خێرو بێرى زۆرى وڵات دەدرێت بەو وڵاتە زلهێزەى دەیانپارێزێت، وە ئەم وڵاتە داگیرکارانە لەلایەکى تریشەوە بەڵێنى درۆیینە بەو گروپانە ئەدەن و هەندێ یارمەتیشیان دەدەن بۆ ئەوەى هەر بمێنن و جەوەکەیان بۆ بڕەخسێنن بۆ هاتنیان بۆ دەست بەسەرداگرتنى وەزعەکەو بیانویان هەبێت لە مانەوەیان لە وڵاتى موسڵمانان، بۆ نمونە:
نمونەى یەکەم داعش: کە بە ئیعتیڕافى تڕامپ لە لایەن ئەمریکاى پێش خۆى دروست کرا، کە لە لایەکەوە ئەمریکا چەک و تەقەمەنى بۆ دادەبەزاندن، لەلایەکى تریشەوە پشتیوانى حکومەتى عێڕاق و پێشمەرگەى دەکرد و لەو نێوانەدا دەسکەوتێکى زۆرى بۆ خۆى برد؛ چونکە جەنگ لاى ئەوانە بازرگانییە بە ڕۆحى خەڵک لەبەرامبەر نەوت و سامان و دەست بەسەرداگرتندا، جا ئایا ئەمریکا سودى لە سەلەفیەکانى عێراق بینى بۆ هاتنە ناو عێڕاق و داگیرکرنى و بردنى خێرو بێرى، یان لە داعشى ئەبوبەکر بەغدادى کە بە ئیعتیڕافى هاوژینەکەى ئیخوان بووە!.
نمونەى دووەم حەماس: بە ئعتڕافى خۆیان وڵاتێک پشتیوانى چەکیان دەکات، جا چۆن ئەم چەکە گەیشتە غەزەى گەماڕۆ دراو لە هەمو لایەکەوە؟!، نازانم. وەچۆن جیهازى ئیستخباراتى ئیسڕائیل و ئەمریکا لەمە هاوردەکردنى چەکەو لە هێرشەکەى ٧ ئۆکتۆبەر بێ ئاگا بوون، یان خۆیانیان لێ بێ ئاگا کرد، بۆ ئەوەى داشێکى دامە بدەنە حەماس و لە بەرامبەردا ڕێگایان بۆ خۆش بێت هەزاران داشى غەززە بخۆن -الله اعلم-، جا ئایا ئیسڕائیل و ئەمریکا سودیان لە سەلەفیەکانى غەززە بینى بۆ دروست کردنى ئەم شەڕەو داگیرکردن و کاولکارییە، یان سودیان لە حەماسى ئیخوانى بینى؟!
نمونەى سێهەم حزبى ئیصڵاحى ئیخوانى یەمەنى: دەستیان بە خۆپیشاندان و ململانێ کرد دژ بە حکومەتى یەمەنى سوننى لە بەهارى عەرەبى، تا وڵاتەکەیان لاواز کرد و ئەمن و ئاسایش نەما، ئنجا علی عبدالله صاڵحى سەرۆکى یەمەن ناچار بوو بۆ مانەوەى خۆى داواى یارمەتى لە حوسیەکان بکات، بەمەش ڕێگا ئاسان بوو بۆ حوسیەکان بە پشتیوانى وڵاتانى تر بۆ دەست بەسەرداگرتنى وەزعەکەو گۆڕینى وڵاتەکە لە وڵاتێکى سوننیەوە بۆ وڵاتێکى شیعى، ئایا لەوێش کێ هۆکار بوو سەلەفیەکان یان ئیخوانەکان؟!
کەواتە ڕون و ئاشکرایە کە ئەمریکاو صەهیۆنیەت و ماسۆنیەت نەیانتوانیوەو ناشتوانن لەڕێگاى سەلەفیەکانەوە درزو کەلێنێک بدۆزنەوە بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتەکانیان و داگیریان بکەن و ئەمن و ئاسایشیان تێک بدەن؛ چونکە سەلەفى ئامادەنییە تەنازول لە دینەکەى بکات و خیانەتیش لە وڵاتەکەى بکات و بەهانە بداتە دەستى دوژمن بۆ داگیرکارى و کاول کارى.
بەڵام ئیخوان بەهۆى سیاسەتى هەڵەیانەوە (من حیث لا یشعرون) بونە دەرگایەک بۆ گەیشتنى ئەمریکاو صەهێۆنیەت و حوسى بە مەرامەکانیان!
بۆ نمونە ئێستا کە ئیخوانەکان بتوانن بەهارى عەرەبی دروست دەکەنەوەو کودەتا دەکەن لە سعودیەو کوەیت و ئیمارات و کوردستان و ئوردەن و میسڕ و... بۆ ئەوەى خۆیان حوکم بگرنە دەست، وە تەنهاش خۆیان ناتوانن، بۆیە داواى یارمەتى دەکەن لە وڵاتانێک کە دژى سوننەن، وە وڵاتەکانیش کە هەستیان بە مەترسى گەورە کرد لەوەیە داواى یارمەتى بکەن لە ئەمریکا بەمەش دەرگاى وڵات دەکرێتەوەو فەڕشى سور ڕادەخرێت بۆ داگیرکاران بۆ هاتنە ناو وڵاتى موسڵمانان، کێ هۆکاردەبێت ئیخوان نەک سەلەفى.
کەواتە دیارە ئەمەریکاو سەهیۆنیەت سود لە کێ دەبینن و کێیان کردۆتە پردى گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
بەڵام ئیخوانیەکان لەشتێک زۆر زیرەکن:
لەوەدا زیرەکن بازرگانى بکەن بە نارەحەتیەکانى میللەت و بیقۆزنەوە بۆ پڕۆژەى خۆیان، بۆ نمونە:
لە کوردستان بەو ڕێگایە توانیویانە سۆزى جەماوەرى ناڕەزا لە حکومەت بەدەست بێنن کە وایان دەرخستووە کە ئەوان لەبەرەى گەلن و خەمى کێشەى میللەت و قوتى خەڵکیانە، خەڵکیش زۆرى باوەڕیان پێ کردون و نازانن کە ئەوان کار بۆ پڕۆژەى حزبی خۆیان دەکەن نەک پڕۆژەى میللەت، بۆیە کە حکومەت تەماحێکیان بخاتە بەردەم و وەزارەتێکى باشیان بداتێ خەڵک دەخەنە پشت بەرژەوەندیەکانیان، وە کە دەسەڵاتیشیان کەوتە دەست تاوەکو ئەندامانى حزبى خۆیان هەبێت حیساب بۆ کەسى تر ناکەن.
سەلەفیەکانیش لە شتێکدا زیرەکن:
لە دڵسۆزی و ڕاست گۆییان لەگەڵ دینەکەیان و میللەتەکەیان، بۆیە قسەى حەق دەکەن هەرچەندە بەدڵى خەڵکى ناحاڵیش نەبێت و جەماوەریش لێیان بڕەنجێت و جنێویشیان پێ بدەن، چونکە نایانەوێت فێڵ لە خەڵکى بکەن و بۆ سەرنج ڕاکێشانى ئەوان شتێکیان پێ بڵێن کە خواى پێى رازى نەبێت و لە داهاتوشدا بەزەرەر بشکێتەوە بەسەر خەڵکەکەدا.
نمونەى دووەم بابەتى غەززە: کە سەرەڕاى ئەوەى حەماسى ئیخوانى بوو بە هۆکارى ئەو هەموو ئەشکەنجەو ئازارو کوشتارو کاولکاریە، واش ئیخوانەکان بەهۆى چەواشەکارى ڕاگەیاندن توانیویانە بازرگانى سیاسیى بە لاشەى لەت لەت کراوى منداڵان و خەڵکانى غەزەوە دەکەن و وایان قەناعەت بە موسڵمانانى ناحاڵى و دڵ گەرم کردووە کە ئەوانن دڵسۆزو بەپەرۆش و خەمخۆر بۆ خەڵکى غەززەو سەلەفیەکانیشیان وا وێناکردووە کە کە دژى ئەهلى غەززەن و لەبەرەى ئیسڕائیلن ، کە لە ڕاستیشدا سەلەفیەکانن بەپەرۆشى ڕاستەقینەن بۆ خەڵکى غەززەو تورەن لەو هەڵە گەورەیەى حەماسى ئیخوان کردیان و بەسەر خەڵکى بێ دەسەڵاتى غەززەیاندا هێنا.
د.عبداللطيف أحمد الأمين
16/9/2025