logo

پوچەڵ کردنەوەى تۆمەت و دەنگۆکان دەربارەی سەلەفییەکان کە پابەندن بە پەیڕەوی پێشینە چاکەکان

بڵاوکراوەتەوە لە 15ی ئەیلوولی 2025
پوچەڵ کردنەوەى تۆمەت و دەنگۆکان دەربارەی سەلەفییەکان کە پابەندن بە پەیڕەوی پێشینە چاکەکان

زۆر قسەى ناراست دەبیستین کە دەدرێنە پاڵ سەلەفیەکان، وە بوهتانى زۆریان بۆ دەکرێت، کە هۆکارەکەشى پێنج شتە:

یەکەمیان نەناسینى سەلەفیەکان وەکو خۆیان، وە وەصف کردن و باسکردنیان بەگوێرەى ئەو قسانەى کە لە ناحەزانیانەوە بیستراون.

دووەمیان: بە هەڵە حاڵى بوون لە هەندێ لێدوانیان و لێکدانەوە کردنى هەڵە بۆ هەڵسوکەوتیان.

سێیەمیان: نەناسینى کۆمەڵێک بابەتى دینى وەکو خۆى، بۆیە کاتێک دەبینن سەلەفیەکان باسى ئەو کۆمەڵە بابەتە دینیە دەکەن یەکسەر گومانى خراپیان پێ دەبەن و وا دەزانن کە سەلەفیەکان لە دین لایانداوە، نازانن کە خۆیانن بێ ئاگان لە کۆمەڵێک بابەتى دینى.

چوارەمیان حەسودى و ڕق و کینە وا لە هەندێک کەس دەکات زەمى سەلەفیەکان بکات و ناشرینیان بکات بە بوهتان بۆ کردنیش بێت!.

پێنجەم: خراپى هەندێک کەسى بەناو سەلەفى، کە وێنەیەکى ناشرینیان نیشان داوەو بونەتە پەڵەیەکى ڕەش بەناو چاوانى سەلەفیەکانەوە.

تێکەڵکردن لەنێوان سەلەفییەتی دروست و گرووپە لادەرەکاندا هەیە کە بانگەشەی سەلەفییەت دەکەن

بەشی یەکەم: تۆمەتە بیروباوەڕی و فکریەکان

1.سەلەفییەت و موجەسیمە

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان خودا دەشوبهێنن بە دروستکراوەکانی و جەستە و سنووری بۆ دادەنێن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان جیاوازی دەکەن لە نێوان دان نان بە سیفەتەکانى پەروەردگار وەک لە قورئان و سوننەتدا هاتووە، وە لەنێوان شوبهاندنیان بە سیفاتى دروستکراوەکانى، ئەوان تەنها وەسفى خودایان کردووە بەو وەسفانەى لەقورئان و سوننەتدا وەسفى پەروەردگاریان پێ کراوە، بەو شێوەیەى لایەق و شیاوى خۆیەتى بێ وێچواندن و چۆنیەتى بۆ دانان و دەستکارى کردن و گۆڕانکارى و پەکخستن و شێواندن و نموونە هێنانەوە..

 

2.        سەلەفییەت و تەئویل کردن

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان قورئان بە شێوەیەکی حەرفی لێکدەدەنەوە بەبێ ڕەچاوکردنی ماناى مەجازى و ڕەوانبێژی.

ڕاستى/ نەخێر، جیاوازی دەکەن لە نێوان لێکدانەوە (تەفسیر) ی دروست، کە بەڵگەى لەسەرەو ناکرێت مانا ڕواڵەتییەکەی مەبەست بێت، وە لە نێوان لێکدانەوەی پووچەڵ (التحریف والتأویل الفاسد) کە لادانی دەقە لە مانا ڕواڵەتییەکەی بەبێ بەڵگە. سەلەفیەکان لێکدانەوەی دووەمیان ڕەتدەکەنەوە کە بێ بنەمایەو بەزۆر ملى ئایەت و فەرمودەکان با دەدەن بۆ ئەوەى ببنە پاڵپشتى بۆچونە داهێنراوەکانیان (التأویل المتکلف).

3.        سەلەفییەت و دينى تازە

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان دینێکى تازەیان هێناوە

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان ئەو دینە نیشانى خەڵک دەدەن کە لە کۆنەوە پێغەمبەر علیه الصلاە والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون.

 

4.        سەلەفییەت و وەلائو بەڕاء

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان لەگەڵ موسڵمانان نین؛ چونکە ئەوەندەی دژایەتی ئیسلامیەکان دەکەن ئەوەندە دژایەتی عەلمانیەکان ناکەن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان لەگەڵ تێکڕاى موسڵمانانن و هەموانیان بە براى خۆیان دەزانن و خۆشیان دەوێن و وەلائیان بۆیان بەگشتى،

بەڵام لەگەڵ تاقم و گروپە حزبیىەکان و زێدە ڕەوە تەکفیریەکان و تەڕیقەتە خوڕافیەتەکان نین، کە ڕاو بۆچونە هەڵەکانیان بونەتە هۆى گومڕابون و بەڵا بۆ موسڵمانان، بۆیە بەڕائەت و حاشا لەو بۆچونە هەڵانەیان دەکەن و موسڵمانانى لێ وریا دەکەنەوەو ئامۆژگاریشیان دەکەن.

وە هەروەها عەلمانیەتیش بە کوفر دادەنێن و ئینکارى لێ دەکەن و حاشاو بەڕائەتیان لێ دەکەن ،

بەڵام ئەوان زانستیانە سەیرى ئەوانە دەکەن کە پێیان دەڵێن عەلمانى، وە وانازانن کە هەر کەسێ حزبیکى ئیسلامى نەبوو یان لەگەڵ حزبیکى نەتەوەیى بێت، ئەوە عەلمانییە و بێ دینە، نەخێر ئەو کەسە بە عەلمانى دەزانن کە خۆى بە عەلمانى دابنێت، واتە بڵێت من لا دینیم و دینم قەبوڵ نییە بۆ تاک یان بۆ کۆمەڵ.

 

5.        سەلەفییەت و نيشتيمان

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان وەلائو خۆشەویستییان بۆ وڵات و نیشتیمانى خۆیان نییە، بەڵکو بۆ وڵاتانى ترە!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکانى هەر وڵاتێکى موسڵمان، خزمەت کردنى و پارێزگارى کردن لە میللەت و وڵاتى خۆیان بە ئەرکى سەرشانیان دەزانن پێش هەر وڵاتێکى موسڵمانى تر، وە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان پشتگوێ ناخەن، و بەرگریکردن لێی بە جیهاد دەزانن، بەڵام دەشزانن کە هەر کەسێک دروشمی نیشتمان پەروەریی بەرزکردەوە مەرج نییە ڕاستگۆ بێت، چونکە هەندێک کەس هەن بە ناوی نیشتمانەوە دەخۆن و هیچ خەمێکیان نییە جگە لە خۆیان و دەوروبەرەکانیان، و نیشتمان لە ژیانیاندا بوونی نییە.

6.        سەلەفییەت و فەلسەفە

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان هەموو شتێک ڕەتدەکەنەوە کە پەیوەندی بە زانستی کەلام و فەلسەفەی ئیسلامییەوە هەبێت.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان سوود وەرگرتن لە میکانیزمەکانی زانستی کەلام وفەلسەفە بۆ وەڵامدانەوەی گومانەکان ڕەتناکەنەوە.

بەڵام ئەوە ڕەت دەکەنەوە لە زانستی کەلام وفەلسەفە کە پێچەوانەی بیروباوەڕى سەلەفى صاڵحە، وە هەروەها عەقڵخستنە پێش دەقى قورئان و حەدیث، وە تەئویل و گۆڕینی دەق و مانادانی تر بۆیان، وە گومان دروست کردن لەسەر بنەماکانی ئاین، هەموو ئەمانە ڕەت دەکەنەوە.

7.        سەلەفییەت و ئەولیا

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان ڕێز لە پیاوچاکان و ئەولیاى خوا ناگرن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان ڕێز لە پیاوچاکان و ئەولیاى خوا دەگرن، بەڵام زێدەڕەوییان تێدا ناکەن و نایان پەرستن و سیفاتى خوایەتییان پێ نادەن و باوەڕیان بەوە نییە غەیب بزانن و هیچیان بەدەست بێت. وە هەروەها تەنها ئەوانە بە ئەولیاى خوا دەزانن کە ئەهلى ئیمان و تەوحیدو تەقوان، نەک کەسانێکى تاغوت کە خەڵک بانگ دەکەن بۆ پەرستنى خۆیان، یان خەڵکى دەیانپەرستن و سوجدەیان بۆ دەبەن ئەوانیش ڕازین.  

8.        سەلەفییەت و كەڕامات

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان نکۆڵی لە کەراماتی ئەولیاو موعجیزەکان دەکەن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان باوەڕیان بە موعجيزاتى پێغەمبەران (علیهم الصلاة والسلام) و کەراماتى پیاوچاکان هەیە، بەڵام باوەڕیان بە خوڕافەتى شەخص پەرستەکان و سیحرو جادوو و شمشێر و خەنجەر لەخۆدان و شوشە خواردن نییە، کە هەموى لە شەیتانەوەیە.

9.        سەلەفییەت و عەقڵ

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان ڕۆڵی عەقڵ لە تێگەیشتنی شەریعەتدا دەسڕنەوەو نرخی عەقڵ کەم دەکەنەوە.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان جەخت لەسەر ڕۆڵی عەقڵ دەکەنەوە هەم لە بوارە دونياييەكان، وە هەميش لە بوارە ئایینیەکاندا، بەڵام لە چوارچێوەی شەرعدا، نەک لەبەرامبەر قورئان و فەرمودەدا، واتە ناچن بۆ خاترى عەقڵى مرۆڤ، کەلامى خوداو پێغەمبەر -علیه الصلاة والسلام- ڕەت بکەنەوە. واتە عەقڵ لاى ئەوان سەرچاوەى زانست نییە، بەڵکو ئامڕازى تێگەیشتنە لە سەرچاوە زانستیەکانى وەک قورئان و سوننەت بەڵگەو ئایەتە گەردونیەکان و لێکۆڵینەوەکان

10.    سەلەفییەت و ئیجتیهاد

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان ئیجتیهاد و نوێگەری لە پرسە نوێیەکاندا ڕەت دەکەنەوە، وە چەق بەستون بە وتە کۆنەکانەوە.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان ئیجتیهادێک ڕەت دەکەنەوە کە لەبەرامبەر دەقى قورئان و سوننەتدا بکرێت، وە رەتکردنەوەو گۆڕینى دەقەکان بێت، نەک ئەو ئیجتیهادەى کە بۆ تێگەیشتنى دەقەکان و هەڵێنجانى حوکمى شەرعى بێت لێیان بەگوێرەى پێوەرى زانستى، وە خۆشیان ئیجتیهادی هاوچەرخی زۆریان هەیە.

11.   سەلەفییەت و مەزهەبیەت

دەڵێن سەلەفیەکان لا مەزهەبین و باوەڕیان بە مەزهەب نیە و پەیڕەوی هیچ مەزهەبێک نین و هەریەکێ لەوان خۆى بە موجتەهیدێک دەزانێت، وە حیساب بۆ ئیجتیهادى هیچ زانایەکی گەورەى ئیسلام ناکەن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان لەهەر وڵاتێک بن پابەندى مەزهەبى فیقهى ئەو ناوچەیەن و دەگەڕێنەوە بۆ ڕاڤەو لێکدانەوەى زانایان و پێشەوایانى گەورەى مەزهەبەکان بۆ تێگەیشتنى زیاتر لە دەقەکان، بەڵام بە بێ دەمارگیرى بۆیان، وە کە فەرمودەیەکى پێغەمبەر علیه الصلاە والسلام ببینن پێچەوانەى ئیجتیهادى زانایانى مەزهەبەکە بێت، ئەوا فەرمودەکە دەخەنە پێش مەزهەبەکە.

12.   سەلەفییەت و سەڵاوات

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان سەڵاوات بە دروست نازانن

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان سەڵاوات لێ دەدەن و بە عیبادەتێکى گەورەى دەزانن، وە عیبادەتیش پێویستە بەگوێرەى سوننەت بێت لە کاتى و شوێنى و شێوەیدا؛ بۆیە ناچن لە شوێن و کاتێکدا وە بە شێوەیەک بیکەن کە پێغەمبەر (عليه الصلاة والسلام) نەیکردووە.

 

تۆمەتى توند رەوى و تەکفیر کردنى موسڵمانان

13.   سەلەفییەت و تەکفیركردن

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان بە ئاسانی حوکمی کوفر و گومڕایی دەدەن بەسەر ئەو موسڵمانانەی کە لە بۆچوون و مەزهەبدا جیاوازن لەگەڵیان.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفییەكان لەسەر بنەمایەکی توند و تۆڵ و زانستيانەو میانڕەوانەو دادپەروەرانە باس لە تەکفیرکردن دەکەن، بەشێوەیەک کە ئەوان جیاوازی دەکەن لەنێوان کردار و ئەنجامدەرەکەیدا، واتە هەر موسڵمانێک کردارێک یان گوفتارێک یان بیروباوەڕێکى کوفریی هەبێت ئەوا بڕیارى کوفر لەسەر ئیشەکەى دەدەن نەک لەسەر خۆى؛ چونکە مەرج نییە هەر کەسێک توشى کوفر بێت یەکسەر بەکافر دابنرێت، تا دوای سەلماندنی بەڵگە (إقامة الحجة) و بوونی مەرجەکان و نەبوونی ڕێگرەکانى كافركردن، وە هەروەها بە گوناهـ و بیدعەیەک کە لە ئایین دەرنەچێت كەس تەکفیر ناکەن.

 

14.   سەلەفییەت و حوكم دان لەسەر بەرامبەر

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان هەموو گروپە ئیسلامیەکانى تر جگە لە خۆیان بە کافر دادەنێن

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان نە بە حزبە ئیسلامیەکان وە نە بە سۆفیەکانیان نەوتووە کافر بوون و لە دین دەرچوون، وە موسڵمان بەکافر نازانن هەرچەند بیدعەو لادانیشیان هەبێت، هەرچەندە بەشێکى زۆریش لەو گروپانە سەلەفیەکانیان بە کافر داناوە!.

 

15.   سەلەفییەت و توندڕەوێتى

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکانتوندڕەون و هەموو شتێکیان بەلاوە کوفرو بیدعەو حەرامە!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان میانڕەون و ئاشتیخوازن و دژى زێدرەوین؛ چونکە ئەوان دەستیان گرتووە بە ئاینى ئیسلام وەک خۆى کە لە بنەڕەتدا میانڕەوییە، بەڵام دەست گرتنیان بە قورئان و سوننەت توندرەوى ناگەیەنێت؛ چونکە توندڕەوى بریتییە لە سنور دەرچوون بە حەرام دانانى حەڵاڵەکان و بەکافردانانى تاوانباران و مامەڵەى توند لەگەڵیان و حەڵاڵ کردنى خوێن و ماڵ و ناموسیان، وە هەر لەبەر میانڕەوێتییەکەیانە کەسانى زێدەرەو سەلەفیەکان بە کافر دەزانن.

 

16.   سەلەفییەت و خوێن حەڵاڵ کردن

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان خوێنى موسڵمانان بە حەڵال دەزانن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان خوێن و ماڵ و عیرزو ناموسى موسڵمانان بە پارێزراو دەزانن و دورترین کەسن لە بەکافردانان و خوێن حەڵاڵ کردنى خەڵک. وە داوای ئاشتی و ئاسایش دەکەن لە کۆمەڵگەدا.

 


 

تۆمەتى پەیوەندى سەلەفیەت بە دەسەڵاتداران

17.   سەلەفییەت و وەلى ئەمر

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان ئەو سەرکردە کافرو طاغوتانەى ئەم وڵاتانەیان کردون بە (وەلى ئەمر)، لەکاتێکدا ئەمانە موسڵمان نین و حوکم بە قورئان ناکەن و گەندەڵ و ستەمکارو خراپیشن!

ڕاستى/ نەخێر، یەکەمیان سەلەفیەکان نەیان کردون بە (وەلى ئەمر)، بەڵکو جەماوەر هەڵی بژاردون، وە حزبە ئیسلامیەکانیش هەندێ جار بەشداربوون لە دانانیان بە سەرکردەى وڵات بە دەنگ پێ دانیان لەناو پەرلەماندا.

دووەمیان: ئنجا دواى دانرانیان بە کاربەدەست، سەلەفیەکان تەنها بە ناوی خۆیان بانگیان کردون، واتە وتویانە ئەمانە لە واقیعدا کاربەدەستن، کەواتە جیاوازی هەیە لە نێوان (دانان) و (ناونان).

سێیەمیان: لە هیچ شوێنێک نەیان وتووە سەرکردەى کافر بە وەلى ئەمر دەزانین، وە هەر کەسێ ئەم قسەیە بداتە پاڵ ئەوان بوهتانیان بۆ دەکات، بەلاى ئەوانەوە مەرجە وەلى ئەمر (کارى بەدەست بێت) و (موسڵمانیش بێت)، وە بەلاى سەلەفیەکانەوە ئەم سەرکردانەى: هەرێمى کوردستان و وڵاتە ئیسلامیەکانى وەک سعودیەو ئوردەن و میصرو کوەیت و تورکیاو پاكستان و... موسڵمانن و کافر نین، وە ئەوانیش بە ئاشکرا موسڵمانێتى خۆیان دەربڕیوە، وە هیچ کام لە یەکێتى زانایانى ئیسلامى ئیخوانى و زانکۆى ئەزهەرو سەرکردەى حزبە ئیسلامیە کوردیەکانیش نەیانوتووە ئەم سەرکردانە کافرن، کەواتە خەڵکى بیانەوێت یا نەیانەویت، حەزکەن یان حەز نەکەن ئەو دەسەڵاتدارانە کاربەدەست و وەلى ئەمرن، وە بە گەندەڵى و ستەم و خراپەکارى گوناهباردەبن نەک کافر، وە سەلەفیەکان نەیانوتووە کەمتەرخەمى و ستەم و بێ شەرعییان نییە، تەنها وتویانە لە ئێستادا ئەمانە کاربەدەستى وڵاتن و ئەرک و بەرپرسێتى خەڵک و وڵاتیان لە ئەستۆدایە، جا کە لە خەمى دین و ژینى خەڵکدا نەبن و دادپەروەر نەبن و خیانەتیان لێ بکەن، ئەوا شایستەى دۆزەخن.

18.   سەلەفییەت و دەسەڵاتى ستەمکار

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارە ستەمکارەکانن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان نە دەستیان هەبووە لە دانانى دەسەڵاتدارانى وڵات، وە نە ئەوانیش هێشتویاننەوە لەسەر حوکم، وە نەپشتیوانى لە ستەمکارى و گەندەڵى و بێ شەرعیش دەکەن، وە هەرکەسێ لەگەڵ حزبە ئیسلامیەکان نەبوو ماناى ئەوە نییە لەگەڵ دەسەڵاتداران بێت، بەڵکو ئەوان شەرعیانەو حەکیمانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، وە لەگەڵ ململانێ نین لەسەر کورسى دەسەڵات.

 

19.   سەلەفیەت و گوێڕایەڵى

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵى دەسەڵاتدارن

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان تەنها لە بڕیارى چاکدا گوێڕایەڵن و لە خراپەدا گوێڕایەڵى هیچ کەسێک کەسێک ناکەن.

 

20.   سەلەفییەت و بێ دەنگى لە گەندەڵى

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان خؤيان بێ دەنگن لەسەر ئەو هەموو گەندەڵیەى دەسەڵاتداران!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان بێدەنگ نەبون لەسەر هیچ بڕیارو مامەڵەیەکى خراپى دەسەڵات، بەڵکو بەردەوام ئامۆژگارى خێرى دەسەڵاتدارانیان کردووەو بە ئاشکراش ئینکارییان لە (خراپەو گەندەڵى و سەتەم) کردووە، بەڵام بەشێوەیەکى شەرعى و حەکیمانە، نەک بە حەماسەت و جنێو دان و کافر کردن و گاڵتەو بێ ڕێزى پێ کردن، چونکە جنێودان هیچ بەرهەمێکى نەبووەو کەسى گەندەڵى چاک نەکردووە، وە زۆر جاریش تاقییان کردەوەو لەزەرەر زیاتر لێى نەکەوتوۆتەوە.

 

21.   سەلەفییەت و ژێردەستە كردنى ميللەت

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان لە جیاتى هاندانى خەڵکى بۆ خۆپیشاندان و هەڵکوتانە سەر دەسەڵاتداران و گۆڕینیان بە خەڵکى موچەبڕاوو ماف خوراو دەڵێن سەرتان کزبکەن و سەبر بگرن و ڕازى بن بەم واقیعە خراپە!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان نەیان وتووە بە خراپە ڕازى بن، وە نەیان وتووە ئاساییە مافتان بخورێت، بەڵام وتویانە داواى مافى خۆتان بکەن بە گرتنە بەرى هەموو ڕێگایەک کە هەڵەو خراپ نەبێت، وە کارێکى هەڵەشە مەکەن کە دەرەنجامەکەى زەلیلى زیاترو زەرەرى زیاترى بەدواوە بێت؛ چونکە صەبرى ئێستا ئاسانترە لەسەبرى دواى فیتنەو ئاشوب، بۆ نمونە صەبر گرتنى خەڵکى غەزە لەسەر دەست درێژىکاریەکانى ئیسڕائیل پێش هێرشەکەى حەماس ئاسانتر بوو یان صەبر گرتنى ئێستایان کە دەیان هەزاریان لێ کوژراوەو لێیان بریندارو سەقەت کراوەو ماڵیان نەما، نانیان نەما، کارەبایان نەما، ئەمانیان نەما؟!.

بەکورتى: سەلەفیەکان هانى خەڵک نادەن بۆ لەناوچون و بوون بە چوربانى و سوتەمەنى و پلیکانەیەک بۆ گەشتنى بەرژەوەندچییەکان بۆ کورسى دەسەڵات لەسەر حیسابى هەژاران.

22.   سەلەفییەت و جاسوسى

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان جاسوسى لەسەر گەنج و مامۆستا حەق بێژەکان دەکەن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان بە بەڵگەى زانستى وەڵامى زێدەڕەوان دەدەنەوە، نەک بە هانابردن بۆ شکات کردن لاى دەسەڵات، وە حکومەت خۆى دەزگاى هەواڵگرى تایبەتى هەیەو هەموو مامۆستاو بانگخوازەکان دەناسێت و پێویستى بە سەلەفیەکان نییە، وە زێدەڕەوو هەڵەشەکانیش خۆیان ناساندووەو بە ئاشکرا هاوار دەکەن کە حکومەت و کاربەدەستان کافرن و ئەوانەش کافرن کە وەک ئەوان بیرناکەنەوە.

 

23.   سەلەفییەت و پشتیوانى کردن

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان پشتیوانى دەکرێن لەلایەن دەسەڵاتەوە.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە لە زۆر شوێن نەک پاڵپشتى ناکرێن، بەڵکو مافى ڕەواى خۆشیان پێ نەدراوە وەک صۆفی و دەروێش و کۆمەڵ و یەکگرتوو، بەڵام چونکە بانگەوازى سەلەفیەکان کاریگەرترو بە بەرەکەت ترو بەهێزترە، وا دەزانن کە تەواو حکومەت پاڵپشتیانە بۆیە وا دیارو زەقن لەناو کۆمەڵگادا، بۆ نمونە کاریگەرى گەورەى مزگەوتى بەهەشت لە سلێمانى وایکردووە بەرامبەر وابزانێت سەلەفیەکان زۆربەى مزگەوتەکانى سلێمانییان بەدەستە، لەکاتێکدا ژمارەى مزگەوتى هەموو تاقمەکان زیاترن لە هی سەلەفیەکان، وە لە زۆر شار ناهێڵن سەلەفیەکان ئەکادیمیاو کۆڕو دەرسیان هەبێت!.

وە ئایا ئەوە بە پاڵپشتی دادەنرێت کە کەسانى شارەزاو خاوەن شەهادەیان بە ئیمام و خەتیب دانراون لە چەند مزگەوتێکی شارەکان بە حەقى خۆیان، یان مامۆستان لە زانکۆ بە هۆى شەهادەى خۆیان، وە یان بنکەى قورئانیان کردۆتەوە، یان تاکە کەناڵێکیان هەیە لەسەر ئەرکى خێرخوازان؟!، ئێ بۆ هەموو تاقمەکانى تر بە سۆفى و حزبە ئیسلامیەکانیشەوە لە سەلەفیەکان زیاتریان نییە لە هەموو ئەم شتانەى باسکران؟!، کەواتە بۆ ئەوەى سەلەفیەکان عەیبەیەو هی ئەوانى تر جێگاى شانازییە؟!.

24.   سەلەفییەت و پشتیوانى کردنى دەسەڵات

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان سەردانى سەركردەكان دەكەن و پشتيوانییان دەکەن و پاساو بۆ ڕژێمە ستەمکارەکان دەهێننەوە و بانگەشە بۆ گوێڕایەڵی کوێرانەيان دەکەن، ودەرچوون دژيان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی حەرام دەکەن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان نەسەرکردەى ستەمکاریان هێناوەنەتە سەر حوکم، وە نە ئەوانیش هێشتویاننەتەوە لەسەر حوکم، وە نە پاساو بۆ ستەمکارى و گەندەڵييان دەهێننەوەو نە بە ڕەواشى دەزانن وە نە بە کەسیشیان وتووە لە خراپەدا گوێڕایەڵى هیچ کەسێک بن، بەڵکو هەڵوێستیان لە گوێڕایەڵی فەرمانڕەوا لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی شەرعییە، وە تەنها لەگەڵ ئاژاوەگێڕى و خوێن ڕژانى ميللةت و لەدەست دانى ئەمن و ئاسایش نین.

 

25.   سەلەفییەت و شرکى قصور

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان تەنها باسی شرکی قبور ئەکەن وازیان هێناوە لەشرکی قصور

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان موسڵمانانیان وریا کردۆتەوە لە هەمو شەریک بۆ خوادانانێک: جا خەڵکى سادەو بێ دەسەڵاتى سەر شەقام و ناو ماڵان کردبێتى یان دەسەڵاتدارى ناو تەلارو قەسرەکان، بەڵام لەشەرعدا شرکێک نییە بەناوى شرکى قصور، وە مەرج نییە ئەوەى لەناو قەسرو کۆشکى دەسەڵاتدابێت موشریک و کافر بێت و بەکافرى دابنێین، وە ئەم زاراوەی (شیرکى قصورە) ئەوانە دایان هێنا کە لە جياتى بانگەوازى بۆ تەوحیدو تەنها خواپەرستى و نەهی کردن لە شەخص و گۆڕ پەرستى، بانگەشە دەکەن بۆ گەیشتن بە کورسى ناو کۆشکى دەسەڵات، بەبیانوى ئەوەى کە گشت سەرکردەى ناو قەسرەکانى وڵاتە موسڵمانەکان کافرن و پێویستە پشتیوانى ئیخوانەکان بکەت بۆ لابردنیان و دانیشتنى ئەوان لە شوێنیان!.

تۆمەتەکان دەربارەى هەڵوێستیان بەرامبەر جیهاد کردن

26.   سەلەفییەت و جیهاد

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان باوەڕیان بە جیهاد نییە و زەلیلى و سەرشۆڕییان دەوێت بۆ موسڵمانان!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان باوەڕیان بە جیهادى شەرعى هەیە کە بەگوێرەى شەرعەو لەبەرژەوەندى ئیسلام و موسڵمانانە، بەڵام یاوەڕیان بەو کارە هەڵەشەییە بێ حیکمەتانە نییە کە زەرەرى سەد قات زیاترە لە قازانجى بۆ موسڵمانان، وە لەجیاتى ڕزگار کردنى موسڵمانان زەلیلى زیاتریان توش دەکات، ئەم جۆرە کاولکاریە بە جیهاد دانانێن ئەگەرچى جیهادى بەرگرى و دەفعیش بێت، وەک یوسف القرضاوی مەرجەعى ئیخوانەکانیش دەڵێت: ((أما إذا كان الجهاد جهاد دفع، أي جهاد مقاومة للعدو الغازي، فهذا جهاد اضطرار، لا جهاد اختيار، هو جهاد مقاومة للوقوف في وجه العدو حتى لا يدخل أرض الإسلام، أو لطرده منها إذا دخل، وفي هذا الجهاد تُبْذل المُهَج والأرواح حفاظًا على الأرض والعِرض، ودفاعًا عن الحرمات والمقدسات.

ولكن ليس إلى حدِّ تعريض الجماعة كلِّها للهلاك، فليس من الحكمة ولا الصواب أن ندخل مع العدو معركة فناء وإبادة، إذا كانت القوى غير متكافئة ولا متقاربة، وهذا من واقعية هذه الشريعة، التي تتعامل مع الحقائق على الأرض، ولا تحلِّق في  مثاليات ليس تحتها  طائل، إنها تعمل أبدًا على جلب  المصلحة، وتوقِّي  المفسدة، ولها في ذلك فقه رحب عميق، سمَّيناه فقه الموازنات)) ، ((فماذا يفعل المسلمون حين تجري عليهم الأقدار، وتدور بهم الأيام، فينكسرون ويهزمون أمام أعدائهم..؟ أو حين يرون أعداءهم أقوى بكثير منهم، وأنهم لا قِبَل لهم بهم، ولا طاقة لهم بحربهم..؟ هنالك لا مفر من الاعتراف بالواقع، فالمكابرة لا تغير الحقائق، ولا تجعل الضعيف قويًا، والقوي ضعيفا)). فقه٠الجهاد ص(820-821)

 

27.   سەلەفییەت و غەزە

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان دژى موسڵمانانى غەززەن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان هاوخەم و بەپەرۆشى خەڵکى غەزەن و دوعایان بۆ دەکەن و هاوکارییان بۆ کۆکردونەتەوەو پێشیان گەیاندون، بەڵام ڕەخنەیان لە کارەکەى حەماس بوو کە ئەم نەهامەتیەیان بەسەر خەڵکەکەداهێنا، وە تا ئێستاش بۆ خاترى بیست دیلى جولەکە ئەو هەموو نەهامەتیە هر بەردەوامە بۆ سەر خەڵکى غەززە، بەریان نادەن و بیانویان داوەتە دەست ئیسرائیل بۆ بەردەوام بوون لە هێرشە دڕندانەکانى، کەچى ئیخوانەکان سورن لەسەر تێکەڵ کردنى مەلەفى حەماس لەگەڵ مەلەفى خەڵکى غەزە، واتە کە ڕەخنەت لە حەماس گرت یەکسەر وا لێکدانەوە بۆ قسەکەت دەکەن کە تۆ قسەت بە موسڵمانانى غەزە وتووە!

 

28.   سەلەفییەت و هاوکارى کردنى غەزە

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان پێشتر وتوتانە کۆمەک مەنێرن بۆ غەززە؛ چونکە ناگات و ئێستا خۆیان هاوکارییان گەیاندووە

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان هیچ کات نەیان وتووە هاوکارى خەڵکى لێقەوماوو برسى غەززە مەکەن، بەڵکو وتویانە: دەڵێن ناگات، وە وتویانە هەر کەسێ بتوانێت بیگەیەنێت پێى بدەن، وە پێشتر خۆمان ڕێمان نەدۆزیبۆوەو دڵنیا نەبووین، بەڵام کە ڕێگەمان دۆزیەوە هاوکاریمان کۆکردەوەو ناردمان.

 

29.   سەلەفییەت و پشتیوانى جولەکە!

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان پشتیوانى جولەكەیان کردو دژى موسڵمانانى موجاهید وەستانەوە!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان بەردەوام دوعا لە جولەکە زایۆنیە داگیرکارە خوێن ڕێژەکان دەکەن و بە خراپ باسیان دەکەن، وە دوعا دەکەن خودا موسڵمانان سەربخات بەسەریاندا، بەڵام کە وتمان حەماس هەڵەى کرد لەو هێرشەى کە بووە هۆى ئەو هەموو زەرەرو زیانەى بەسەر غەززە داهات، ئەوە ماناى ئەوە نییە کە ببینە جولەکەو پشتیوانى جولەکە، بەڵکو ئەو کەسە خزمەتى بەجولەکە کردووە کە بیانوى دایە دەست بۆ ئەو هەموو کوشتارو کاول کارییە.

 

تۆمەتەکان دەربارەى هەڵوێستیان بەرامبەر گروپەکان

30.   سەلەفییەت و داعش

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان داعشى نوستون، وە سەلەفییەت تیرۆریست بەرهەم دەهێنێت!.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان لە هەموو کەس زیاتر بەرپەرچى شوبهەکانى داعشیان دایەوەو خەڵکیان لێ وریاکردنەوەو فەتوایاندا بەرپەرچ بدرێنەوەو پارێزگارى لە میللەت و وڵاتى خۆمان بکەین و نەهێڵین بێنە ناومانەوەو داگیرمان بکەن. وە فەتوای حەرامکردنی تیرۆر و تەقینەوەکانیان داوە.

 

31.   سەلەفییەت و مورجیئە

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان موڕجیئەن و کافر بە کافر دانانێن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکانن ئەهلى سوننەن و ئیمان لایان بە دڵ و زمان و لاشە دەبێت، بەڵام ناچن موسڵمانى تاوانبار بەکافر دابنێن، بەڵکو تەنها ئەوانە بە کافر دادەنێن کە خوداو پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام بە کافریان داناون، وەک: ئەوانەى نەهاتونەتە ناو بازنەى ئیسلام، یان دواى موسڵمان بونیان هەڵگەراونەتەوە.

بەڵام کافر کردن ئیشى هەرزەو چالاکوانى سۆشیاڵ میدیا نییە، بەڵکو ئیشى قازى و زانای تێگەیشتوو و پێگەیشتووە، کە تاوەکو مەرجەکانى کافرکردن لەکەسێکدا نەبن بەکافرى دانانێن.

 

32.   سەلەفییەت و تەصەوف

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان هەموو شتێک کە پەیوەندی بە تەسەوفەوە هەبێت ڕەتى دەکەنەوە، تەنانەت ئەگەر پاکبوونەوەی دڵ و دەرونیش بێت.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان پاک کردنەوەى دڵ و دەرون و کردارو گوفتار لە هەڵەو خراپە بە گرنگ دەزانن، بەڵام ئەو تەصەوفە ڕەت دەکەنەوە کە دوورە لە قورئان و سوننەت و لە جیاتى پاک کردنەوەى بیروباوەڕو کردارو گوفتار لە هاوەڵ بۆ خوا دانان و بیدعەو خوڕافەت، وە ڕازاندنەوەى بە تەنها خوا پەرستى و شوێن کەوتنى سوننەت، دەچن فيترەتى شوێن کەوتەکانیان تێک دەدەن و لەسەر تەنها ئیعتیقاد بوون بە خوا نایهێڵن و وایلێ دەکەن ئیعتیقادى بە شەخصێک و قەبرێک و خۆڵ و پەڕۆو ناڵى کەرو موروە شینکە بێت، وە کاتێک پێى بوترێت تەنها هاوار بکە الله توڕە بێت و دژایەتیت بکات و بڵێ دینى تازەت هێناوە، بەڵام کاتێک هاوارکردنە شەخص و قەبر ببیستێت و بیدعە ببینێت دڵى خۆش دەبێت!.

 

33.   سەلەفییەت و دەروێش

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان صۆفى و دەروێشەکان بە کافر دەزانن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان ئەو بیروباوەڕو هاوارکردنەیان بۆمردوو  و بۆ شێخەکانیان بە کوفر و شیرک دەزانن کە ئیعتیقادیان وایە شێخەکانیان غەیب دەزانن و لە دوریشەوەو بە مردوییش دەنگیان دەبیستن بە هانایانەوە دێن و فریایان دەکەون و شیفایان دەدەن، یان واسیتەیان بۆ دەکەن و لاى خواى نزیکیان دەکەنەوە؛ وە ئەوەش بۆیە بە کوفر دادەنێین؛ چونکە خواى پەروەردگار لە قورئانەکەیدا بە شیرکى داناوە.

 

34.   سەلەفییەت و دیندارى بیدعە

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان دیندارى موسڵمانانیان قەبوڵ نییە

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان شتانێکیان قەبوڵ نییە بەناوى دیندارییەوە کە داهێنراو بن و فەرمانى پێغەمبەر علیه الصلاە والسلام ى لەسەر نەبێت.

 

35.   سەلەفییەت و پەرتەوازەکردن

دەڵێن سەلەفیەکان هۆکارن بۆ پەرتەوازەیی نێوان موسڵمانان

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان نەهاتون حزبێک یان تەریقەتێک دروست بکەن تاوەکو پەرتەوازەیى زیاد بکەن، بەڵکو سەلەفیەکان داوادەکەن هەموو موسڵمانان یەک کۆمەڵ و یەک ڕیز بن لەسەر ئەو ڕێبازەى کە پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون. وە ئەوەى موسڵمانانى پەرتەوازە کردووە ئەو هەموو حزبە ئیسلامى و تەریقەتە سۆفى و مەزهەبە کەلامیەیە کە کەسیان بەوى تریان رازى نین، کە هەر حزب و تەریقەتەى لە سەردەمێکداو لەسەر دەستى چەند کەسێک و لەسەر چەند بنەمایەک دروست بووە، وە هەر یەک لەمانیش دەڵێت کە لەگەڵ ئێمە بن و بەیعەت بە شێخەکەمان و ئەمیندارو سەرکردەى حزبەکەمان بدەن و پابەندى پەیڕەوو پڕۆگرامى حزبمان بن ئەوا یەکڕیزى دروست دەبیت و موسڵمانان دەبن بە یەک، وە کە لەگەڵمان نەبن ئەوا ئێوە بە تەفڕەقەچى لەقەڵەم دەدرێن!، تەنها سەلەفیەکانن کە خەڵکى بانگ ناکەن بۆ بەیعەت دان بە شێخ و  ئەمیر، بەڵکو خەڵکى بانگ دەکەن بۆ تەنها خوا پەرستى، شوێن کەوتنى تەنها پێغەمبەرى پێشەوا علیه الصلاة والسلام، وە هیچ پەیڕەوو  پڕۆگرامێکى تایبەتیان نییە جگە لە قورئان و سوننەت.

 

36.   سەلەفییەت و حزبايەتى

تۆمەت/ دەڵێن: ڕۆژێک دێت سەلەفییەکانیش دەبن بە حیزبێکى سیاسى! .

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان باوەڕیان بە پارچە پارچەکردنى موسڵمانان نییەو ئیش لەسەر ململانێى کورسى دەسەڵات ناکەن تاوەکو پێویستیان بە دروست کردنى حزبى سیاسی بێت، وە ئەوان داوا لە هەموو حزبەکان دەکەن واز لە حزبایەتى بێنن و دیندارى و خزمەتى میللەت و وڵاتیان بکەن بەیەک ڕیزى و یەک دەستەیى.

 

37.   سەلەفییەت و وەهابیەت و مەدخەلیەت

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان تەیمیەیى و وه‌هابی و جامى و مه‌دخه‌لین و سه‌له‌فی نین! ...

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان بەخۆشیان و بە تێکڕاى موسڵمانانیش دەڵێن شوێن ڕێبازى سەلەفى صاڵح بکەون، کە پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون، وە هیچ کاتێک نەیان وتووە خەڵکینە ببنە تەیمیەیى یان وەهابى یان جامى یان مەدخەلى، هەرچەندە ئەم چوار نازناوە دەگەڕێنەوە بۆ چوار زاناى ئیسلام کە خزمەتیان بە تەوحیدو سوننەت کردووە و بەرپەرچى لاڕێ بوانیان داوەتەوە؛ بۆیە شەخص پەرست و کورسى پەرست و بیدعەچییەکان ڕقیان لێیانە، سەلەفیەکان ڕێزیان لێدەگرن بەڵام دەمارگیر نین بۆیان و لە بۆچونى هەڵەشدا ڕایان قەبول ناکەن و بەڵگە پێش وتەیان دەخەن.

 

38.   سسەلەفیەت و مەولود کردن

نا ڕاستى: دەڵێن: سەلەفیەکان پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) یان خۆش ناوێت؛ بۆیە ئاهەنگى لە دایک بونى بۆ ناکەن و بە بیدعەى دەزانن!

ڕاستى: نەخێر وانييە، لە دە ڕوانگەوە:

1.ئەگەر ئاهەنگ نەگێڕان بەهۆى لەدایک بونى نیشانەى خۆش نەویستنى بێت، کەواتە هیچ کام لەو هەموو هاوەڵانەى خۆشیان نەویستووە؛ چونکە هیچ یەکێکیان یادى لەدایک بونیان نەکردۆتەوە،

2.وە سەلەفیەکانیش شوێنکەوتەى هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) کەوتون بۆیە ئەوانیش ئاهەنگى بۆ ناگێڕن.

3. وە سەلەفیەکان بۆیە بە بیدعەو گومڕایى دەزانن؛ چونکە پێغەمبەرى پێشەوامان (صلى الله علیه وسلم) خۆى فەرمویەتى: (کل محدثة بدعة، وکل بدعة ضلالة)، واتە هەموو شتێکى داهێنراو لە (دیندا) بیدعەیە، وە هەموو بیدعەیەکیش گومڕاییە.

4. وە سەلەفیەکان پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) یان خۆش دەوێت؛ بۆیە دەیانەوێت بەردەوام شوینى بکەون، نەک پێشى بکەون و شتانێک بکەن کە فەرمانى ئەوى لەسەر نییە؛ چونکە خۆشویستنى ڕاستەقینە بەوەیە شوێنى بکەوین و دەست بە سوننەتەکانیەوە بگرین و پابەندى ڕێبازەکەى بین و پارێزگارى لێ بکەین، وەک پەروەردگارمان فەرمویەتى: ﴿قُلۡ إِن كُنتُمۡ تُحِبُّونَ ٱللَّهَ فَٱتَّبِعُونِی یُحۡبِبۡكُمُ ٱللَّهُ وَیَغۡفِرۡ لَكُمۡ ذُنُوبَكُمۡۚ وَٱللَّهُ غَفُورࣱ رَّحِیمࣱ﴾ [آل عمران ٣١] ، نەک شتانێک بۆ دینەکەى زیاد بکەین کە تیایدا نییەو نە پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) و نە هیچ کام لە خولەفاى ڕاشدین و هاوەڵانى کردویانە، وە نە هیچ کام لە تابعین و تابعى تابعینیش کردویانەو نەهیچ کام لە چوار پێشەوا گەورەکان (ئەبو حەنیفەو مالک و شافعی و ئەحمەد) کردویانە.

5.وە هەروەها سەلەفیەکان پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) یان لە یاد نەکردووە تاوەکو ساڵى ڕۆژێک بێتەوە یادیان و یادى بکەنەوە بە ئاهەنگ گێڕان، بەڵکو ئەوان هەموو ڕۆژو شەوێک لەگەڵ سوننەتەکانى دەژین!.

6.وە هەروەها کە مەولود کردن خێر بوایە، ئەوا یەک ئایەتى قورئانى لەسەر دەبوو بەڕوونى.

7.وە کە خێر بوایە پێغەمبەرمان هانى دەداین بۆ کردنى؛ چونکە هیچ خێرێک نییە لە خودا نزیکمان بکاتەوە ئیللا نیشانى داوین.

8.وە ئەگەر خێربوایە ئەوا هاوەڵە بەڕێزەکانى لەپێش ئێمە ئەو خێرەیان دەکرد؛ چونکە ئەوان زۆر لە ئێمە لە دین تێگەیشتوو ترو لە پێغەمبەر نزیک ترو خۆشەویست ترو خێر ویست تر بوون، وە کە لەگەڵ ئەوەشدا نەیان کردووە دیارە بە خێریان نەزانیوە.

9.وە ئەگەر دروست بوایە ئەوا سێ سەدە باشەکە بە تێکڕایى بێ ئاگا نەدەبون لەو خێرە؛ چونکە (لا تجتمع أمتی على ضلالة)

10.  جا سەیر لەوەدایە محامیەکانى ئەو بیدعەیە هەریەکەیان و بیانویەکى بۆ دەدۆزێتەوە:

·        هەیانە دەڵێت بەڵێ بیدعەیە بەڵام حەسەنەیە!، ئێمەش پێیان دەڵێین پێغەمبەرمان فەرمویەتى هەموو بیدعەیەک لە دیندا گومڕاییە، کەواتە بەقسەى ئێوە بکەین یان پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) خۆى؟!

·        لەبەرامبەردا هەندێکى تریان دەڵێن نەخێر هەر بیدعە نییەو چەندان ئایەت و حەدیسى لەسەرە!، ئێمەش پێیان دەڵێین: ئەى کەواتە چۆن پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) و ئەو هەموو هاوەڵانەى و ئەو هەموو زانایانەى سێ سەدە بێ ئاگا بوون لەم هەموو ئایەت و حەدیسەى ئێوە باسى دەکەن و کاریان پێ نەکردوون؟!

·        هەندێکى تریان دەڵێن: ئەمە تەنها عادەتە کەواتە بە بیدعە دانانرێت!، ئێمەش پێیان دەڵێین: کە بە عیبادەتى دانانێن کەواتە هیچى تر فێڵ لە خێرخوازان مەکەن و پێیان مەڵێن کە مەولود بکەن خێرێکى زۆر گەورەتان کردووەو لەگەڵ ئەبوبەکرو عومەر دەبن لە بەهەشتدا، بەڵکو پێیان بڵێن: تەنها عادەتێکەو هیچ خێرێکتان بۆ نانوسرێت! بزانە ئەوانیش چیتان پێ دەڵێن.

·        لەبەرامبەریشدا هەندێکى تریان دەڵێن: نەخێر عیبادەتێکى زۆر گەورەیە،!، ئێمەش پێیان دەڵێین عیبادەت یان واجبە وە یان سوننەتە، جا ئایا مەولود کامیانە ، وە بە چ بەڵگەیەکیش واجبتان کردووە یان سوننەتتان کردووە دواى سێ سەد ساڵ بەسەر وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله علیه وسلم) دا ؟!

تۆمەتە کۆمەڵایەتییەکان:

 

39.   سەلەفییەت و چاکسازی کۆمەڵایەتى

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان بەشداری نەکردن لە چاکسازی کۆمەڵایەتیدا وخۆ قەتیس کردن لە مزگەوتەکان و وازهێنان لە کاروباری گشتی و بەشداری نەکردن لە پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هەژاری و ستەمی کۆمەڵایەتی.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان زۆربەیان لە کاری خێرخوازی و چاکسازی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و هاریکاری هەژاران بەشدارن وە بەرگری لە ستەملێکراوان بە ئەرکێکى گرنگ دەزانن بەگوێرەى توانایان. وە مزگەوتەکانيان تەنها شوێنی نوێژ نین، بەڵکو ناوەندی کۆمەڵایەتین بۆ: فێرکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا وپلانی چالاکی کۆمەڵایەتی.

 

40.   سەلەفییەت و دابڕان

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان خۆیان لە کۆمەڵگە دادەبڕن و بەشداری لە پرسەکانیدا ناکەن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان زۆربەیان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و بانگەواز و فێرکردنەوە چالاکن، بەڵام بەشدارى ئەو پرسەو کۆڕو کۆمەڵانە ناکەن کە پێچەوانەى ڕێنماییەکانى شەریعەتن.

 

41.   سەلەفییەت و پێکەوە ژیان

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان لەگەڵ پێکەوە ژیان نین

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان ئامادەى پێکەوە ژیانن -بە گوێرەى شەرع- لەگەڵ هەموو موسڵمانان و تەنانەت لەگەڵ گاورو بێ باوەڕێکیش کە دژایەتى دینەکەمان نەکات و ستەم لە موسڵمانان نەکات.

 

42.   سەلەفییەت و قبوڵ نەکردنى بۆچونى جیاواز

تۆمەت: سەلەفیەکان فرەیی مەزهەبی و فکری و بۆچوونە جیاوازەکان قبوڵ ناکەن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان جیاوازی قبوڵ دەکەن لە مەسەلە ئیجتیهادی و لاوەکییەکاندا، بەڵام بە ئاسایى نازانن هاوەڵ بۆ خوا دابنرێت و شەخص پەرستى بکرێت و گۆڕانکارى لە دیندا بکرێت و بیدعەى بخرێتە ناوو ملى دەقەکان بسوڕێنن بۆ پاڵپشتى ڕاو بۆچونە هەلەکانى تەریقەت و حزبەکانیان.

43.   سەلەفییەت و سەلام کردن

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان تەنها سەلام لە ڕیشدارەکانى هاوشێوەى خۆیان ئەکەن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان بە سوننەتى دەزانن سەلام لە هەموو موسڵمانێک بکەن و کردوشیانە، مەگەر لەکەسێکیان نەکردبێت کە دژى تەنها خواپەرستى و سوننەت بێت، یان لە بیریان چوبێت و بەهۆى سەرقاڵى کەسى بەرامبەریان نەبینیبێت بۆیە سەلامیان نەکردبێت، یان کەسێک نەزان و توند ڕەو بیت خەڵکى لەسەر سەلەفیى حیسابى بکەن.

 

44.   سەلەفییەت و گوێ نەگرتن

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان دەمارگیرو وشکن و قسەى کەسى تریان بەلاوە قەبوڵ نییەو ئامادەى گوێگرتن و گفتوگۆ نین.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان دەمارگیرییان بۆ قسەى هیچ کەسێک نییە جگە لە قسەى خواو پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام، وە قسەى حەق لاى هەر کەسێک بیت وەرى دەگرن و ئامادەى گفتوگۆو حیواڕن بە زانستى، وە مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکیدا ڕێزدارانەیە نەک وشک.

 

تۆمەتەکان دەربارەی ژن و خێزان:

 

45.   سەلەفییەت و مافى ئافرەت

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان ڕۆڵی ژنان پەراوێز دەخەن ومافەکانيان پێشێل دەکەن و ڕێگرن لە خوێندنيان و کارکردن و چونە دەرەوەو بەشداری كردني کۆمەڵایەتييان، وە لێخوڕینی ئۆتۆمبێليان لێ قەدەغەکردون و لە ماڵەوە زیندانيان كردون وبەکەم سەیرکردنى ئافرەت

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان ڕێزى زۆر لە ئافرەتان دەگرن جا دایک بن یان کچ یان خوشک یان ژن، وە پشتگیری خوێندن و کارکردنى گونجاو بە خۆيان دەکەن، بە گوێرەى ڕینماییەکانى شەرع. وە جەخت لەسەر گرنگی ڕۆڵی ئافرەت دەکاتەوە لە کۆمەڵگەدا، وەپارێزگاری لە کەرامەت و مافە شەرعییەکانی ئافرەت دەکات. وە زۆرێک لە ژنانی سەلەفی خوێندەوار و پسپۆڕن لە بوارە جیاجیاکاندا.

وە پابەند بوون بە سنورەكانى شەرع بؤ ئافرەتانيش و بۆ پياوانیش ماناى قەدەغەکردن و پێشێل کردنى ماف نیی؛ چونکە کە سنورەکان نەمان بەڕەڵایى و ژیانى ئاژەڵى دەست پێ دەکات.

 

تۆمەتەکان دەربارەی هونەرو ڕۆشنبیرى:

 

46.   سەلەفییەت و هونەر

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان هەموو جۆرەکانی هونەر و ڕۆشنبیری و خۆشگوزەرانی حەرام دەکەن.

نەخێر: ڕێبازی سەلەفیی دروست، هونەر و ڕۆشنبیری حەرام ناکات، بەڵکو کۆمەڵێک پێوەری شەرعیی بۆ دادەنێت، تەنها ئەوەی پێچەوانەی ڕێنماییەکانی ئیسلام بێت ڕەتی دەکاتەوە، و ئەوەی لەگەڵیدا بگونجێت یان پێچەوانەی نەبێت، قبووڵی دەکات و هانی دەدات. بۆیە زانایانی سەلەفی جیاوازی دەکەن لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی هونەردا:

ئەو هونەرانەی کە پێچەوانەی شەرع نین (وەک خۆشنووسیی، شیعری پاک، نەخش و نیگار، و تەلارسازیی) قبووڵکراون.

ئەوەی ڕەتکراوەتەوە، ئەو شتانەیە کە حەرامکراوی شەرعیی ئاشکرای تێدایە (وە کۆمەڵگا بەرەو بەد ڕەوشتى و خیانەتکارى و لێک هەڵوەشاندن دەبات).

 

تۆمەتە سیاسییەکان:

 

47.   سەلەفییەت و پەیوەندى سیاسى

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان لە ڕووی سیاسییەوە بە سعودییەوە بەستراونەتەوە و لەوێوە پارەیان بۆ دێت!

ڕاستى/ نەخێر، ئەمە تۆمەتێکی بێ بنەمایەو ڕاست نییە، چونکە پەیوەندی زانستی لەگەڵ زانایانى ئەهلى سوننەى سعودیەو وڵاتانى تریش جیاوازە لە پاشکۆیەتی سیاسی بۆ حکومەتەکانیان، ئەوان لەڕوانگەى دیندارییەوە هاوڕاى زاناکانى سعودیەن، ئەگینا هیچ پەیوەندییەکى سیاسییان نییە لەگەڵ حکومەتەکەیان و هیچ بڕە پارەیەکیشیان بۆ نەناردون و داواشیان نەکردووە؛ چونکە دیندارى بۆ پەروەردگاریان دەکەن نەک بۆ وڵاتى سعودیە، وە سەلفیەت هەر بوەە پێش دروست بونى سعودیەش.

 

48.   سەلەفییەت و سياسەت

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان باوەڕیان بە کاری سیاسی نییە

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان باوەڕیان بە سیاسەتى شەرعى هەیە کە بەڕێوەبردن و مامەڵەکردنە بەگوێرەى شەرع کە تێکڕاى پێغەمبەران کردویانە.

بەڵام باوەڕیان بەو سیاسەتە ناڕەوایە نییە کە عەلمانى دەیکات و دورە لە شەریعەتى ئیسلام، وە یان ئیسلامییەک دەیکات و دورە لە سیرەو سوننەتى پێغەمبەرمان علیه الصلاة والسلام، وە نا حەکیمانەیەو بەهیلاکدانى موسڵمانانە، وە دەیانەوێت بەڕێگەیەکى بیدعى و ناشەرعى بگەن بە حوکمڕانى شەرعى (بە گومانى خۆیان)

 

49.   سەلەفییەت و یاسا و ڕێسا مەدەنیەکان

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان ڕێز لە یاسا و ڕێسا مەدەنیەکان ناگرن و گوێڕایەڵيان نابن

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفییەت فەرمان بە پابەند بوون بە هەموو ئەو یاساو ڕێسایانە دەکات کە لە خزمەت کۆمەڵگادان و پێچەوانەى شەریعەت نین، وە زۆرێک لە سەلەفییەکان فەرمانبەری حکومین لە دامودەزگاکانى حکومەتدا کاردەکەن کە لە چوارچێوەی سیستەمدا کاردەکەن.

تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ئەمن و ئاسایش:

 

50.   سەلەفییەت و بەرهەم هێنانى توندڕەوى

تۆمەت/ دەڵێن: هەموو سەلەفییەک گومانی ئەمنی لێدەکرێت. وە سەلەفییەت تیرۆریست بەرهەم دەهێنێت و پشتگیری لە توندوتیژی و تەقینەوە دەکەن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفییەکان خەڵکی ئاشتیخوازن و پارێزگارى لە ئەمن و ئاسایشى وڵاتەکەیان دەکەن وە داوای ئاشتی و ئاسایش دەکات لە کۆمەڵگەدا، وە گەورە زانایانی سەلەفی فەتوای حەرامکردنی تیرۆر و تەقینەوەکانیان داوە، وە ڕۆڵى زانستییان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویدا.

تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە مێژوو:

 

51.   سەلەفییەت و مێژو

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفییەت فیکرێکی نوێیە و ڕەگی لە مێژوودا نییە سەلەفییەت داهێنراوێکی نوێی سەدەی هەژدەمە.

لە کەلەپووری ئیسلامیدا پێش ئیبن تەیمییە بوونی نییە.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفییەت ڕێبازی هاوەڵان و تابعین و پێشینانی ئوممەتە. وە پێشەوایانی هەر چوار مەزهەبەکە لەسەر ڕێبازی سەلەفی بوون لە عەقیدەدا. وە زاراوەی "سەلەفی" لە پێش ئیبن تەیمیە لە لایەن پێشەوایانی سەرەتاوە وەک ئیمام ئەحمەد و ئاجوڕی و غەیری ئەوان بەکارهاتووە.

52.   سەلەفییەت و دروستکراوێتى

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان دروستکراوى جولەکەو بەریتانیان!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان خەڵک بانگ دەکەن بۆ لاى خواپەرستى و شوێن کەوتنى پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و پابەند بونى تەواو بە ئیسلام، وە ئەو ڕێبازە دینداریە لە ناو خەڵکدا زیندوو دەکەنەوە کە پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون، کەواتە بەریتانیاو جولەکە چ سودێک دەبینن لە دروست کردنیان؟!

 

53.   سەلەفییەت و دروستکراوێتى

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان، دەسەڵاتدارانى یەکێتى و پارتى دروستیان کردون بۆ لێدانى ئیسلامیەکان!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان لەهەموو جیهاندا هەر هەبون پێش دروست بونى حزبە کوردیەکانیش و پێش ئیسلامیەکانیش؛ چونکە سەلەفیەت درێژ بونەوەیەکى ئاسایى ئەو ئیسلامەیە کە سەلەفى صاڵح واتە پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون، بەڵام ناحەزانى سەلەفى کە شکستیان هێنا ناچار ئۆباڵەکەى دەخەنە ئەستۆى سەلەفیەکان!

تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە جوگڕافیا:

 

54.   سەلەفییەت و جوگڕافیا

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفییەت تەنها لە سعودیە و کەنداودا سنووردارە؛ چونکە پەیوەستە بە نەوت و پارەی سعودیەوەو تەنها بە هاندانی دارایی بڵاودەبێتەوە.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفییەکان لە هەموو جیهاندا بوونیان هەیە.

بڵاوبوونەوەی بەهۆی بەهێزی بەڵگەکانییەوەیە نەک بە پارە.

لە وڵاتانی هەژاردا بڵاوبووەتەوە کە پەیوەندییان بە نەوتەوە نییە.

زانایانی گەورەی سەلەفی لە میسر و شام و هیندستان و ئەفریقاوە هەڵکەوتوون.

55.   سەلەفییەت و حكومەتى سعودية

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان پیاوى سعودیەن و لەوێوە یارمەتى دەدرێن و ئاراستە دەکرێن

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان پیاوى کەس نین و سەر بە هیچ وڵاتێک نین و یارمەتییان لە هیچ وڵاتێکەوە بۆ نایەت و ڕێنمایى لەکەس وەرناگرن جگە لە قورئان و سوننەت، بەڵام سعودیەیان خۆش دەوێت لەبەر ئەوەى خزمەت لە ئێستادا بە ئیسلام و موسلمانان دەکەن و پارێزگارى لە تەوحید دەکەن، وە هەر شتێکیش لەوێ بکرێت خراپ بێت و پێچەوانەى شەریعەت بێت ئەوان لەگەڵى نین و خراپە بە خراپ دادەنێن.

 

56.   سەلەفییەت و زانا سعوديەكان

دەڵێن سەلەفیەکان فەرمان لە زانا سعودیەکان وەردەگرن و لەلایەن ئەوانەوە ئاراستە دەکرێن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان لە لایەن زانایانى هیچ وڵاتێکەوە ئاراستە ناکرێن، وە ڕێز لە زانایانى ئەهلى سوننەى هەموو شوێنێک دەگرن، وە حەقیش قەبوڵ دەکەن لە زاناى هەر وڵاتێکەوە بێت.

 

57.   سەلەفییەت و دیندارى کوردەوارى

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان نامۆن بە تایپى دیندارى کوردەوارى

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان نامۆن بە تایپى دیندارى شەخص پەرستى و خوڕافەت و بیدعەکارى نەك بە دیندارى کوردەوارى.

 

تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە پێشکەوتن و شارستانییەت:

58.   سەلەفیەت و گەڕانەوە بۆ رابردوو:

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی نیین و دەیانەوێت بمانگەڕێننەوە سەدەکانى پێشوو و دژایەتی شارستانییەتی مۆدێرن دەکەن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان تەنها لە دینداریدا داوا دەکەن لەسەر ئەو دینەى پێشینە چاکەکانمان بین، نەک لە بوارى خۆشگوزەرانى و پێشکەوتنى دونیایى؛ چونکە ئیسلام هانمان دەدات بۆ زانست و فێربوون و پێشکەوتن، وە پێشکەوتنی تەکنیکی و زانستی لە ڕووی شەرعەوە داواکراوە، وە زۆرێک لە زانایانی سەلەفییەت لە زانستە ئەزموونی و سروشتییەکاندا شارەزا بوون.

كەواتە کێشەکە لەو لایەنانەدایە کە پێچەوانەی شەرعن، نەک لە خودی پێشکەوتندا. وە پابەندبوون بە بنەماکانەوە دژی پێشکەوتن نییە لە ئامراز و شێوازەکاندا.

59.   سەلەفییەت و دواکەوتن و پێش کەوتن

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان نەخوێندەوارو دوا کەوتوون و باوەڕیان بە پێشکەوتويى و شارستانيەت و دونیاى مۆدێرن نییەو هەموو داهێنانێکى تازە بە بیدعەو حەرام دەزانن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان کەسانى زیرەک و شارەزاو لێهاتوى زۆریان تێدایە لە هەموو بوارەكان لە هەموو جیهان، وە زۆربەى زانا گەورەکانى ئیسلام لەوانن. وە هەموو پێش کەوتنێکى دونیایى بەسودیان بەلاوە قەبوڵە، وە بەم جۆرە داهێنانە دونیاییانەیان نەوتووە بیدعەو حەرام، بەڵکو بە دەستکارى کردنى دین و شت بۆ زیاردکرنى دەڵێن بیدعەو حەرام.

 

تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بەوانی ترەوە:

60.   سەلەفییەت و توندڕەوی دژی ئایینەکانی تر

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان داوای دوژمنایەتی و کینە و مامەڵەکردن دەکەن لەگەڵ غەیرە موسڵمانان و هەموو غەیرە موسڵمانان وەک دوژمن دادەنێن و پێکەوەژیان ڕەتدەکەنەوە

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفییەت فەرمان بە دادپەروەری و چاکەکاری دەکەن لەگەڵ هەموو خەڵکیدا، وە مامەڵەکردن بە چاکی لەگەڵ غەیرە موسڵمانان بنەمایە لە دیندا، تەنها لەگەڵ ئەوانە نەبێت کە دژایەتى موسڵمانان دەکەن و ستەمیان لێ دەکەن لەسەر دینەکەیان.

خۆشگوزەرانی و وەرزش

61.   سەلەفییەت و خۆشگوزەرانی و وەرزش

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان هەموو شتێک حەرام دەکەن و ژیان لە خەڵک تەنگ دەکەنەوەو ڕێگری لە خۆشگوزەرانی و ئاهەنگ و بۆنەکان و گەشت و گەڕان و وەرزش و یاری دەکەن وژیان قورس و بێزارکەر دەکەن.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان تەنها شتێک حەرام دەکەن کە بە دەق حەرامبوونی سەلمێنرابێت. وە ڕەچاوی بارودۆخی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیان دەکەن. وە ڕێبازی سەلەفی داوای ئاسانکاری دەکات نەک توندڕەوی، وە زۆرێک لە سەلەفییەکان وەرزش و چالاکییە موباحەکان ئەنجام دەدەن. وە گەشت کردن بە حەڵاڵ دەزانن، بەگشتى ئەوان جیاوازی دەکەن لە نێوان ڕێپێدراو و حەرامکراو لە هەر چالاکییەکدا.

 

تۆمەتەکان دەربارەی عەلمانیەت و دیمۆکراسیەت:

62.   سەلەفییەت و عەلمانیەت

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان عەلمانى بە وەلى ئەمر دەزانن!.

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان جياوازى دەکەن لە نێوان عەلمانیەت بە ماناى (بێ دینى)، کە بە ئاشکرا بە کوفرى دەزانن، لەگەڵ سەرکردەیەک کە قەت لێى نەبیستراوە بڵێت من عەلمانیم و (بێ دینم) و (دینیشم قەبوڵ نییە بۆ وڵات)، بەڵکو بەخۆى دەڵێت من موسڵمانم و سوننیشم و مەزهەبیشم شافعییە.

 

63.   سەلەفیەت و دیموکراسیەت

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان بە دیموکراسى رازین و بەکوفرى نازانن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان جياوازى دەکەن لە نێوان:

١. ديمۆکراسیەتێک بەماناى دانانى حوکمى خەڵک بێت لە جیاتى حوکمى خوا، کە ئەمە بە کوفر دەزانن و هیچ حوکمێکیان بەلاوە قەبوڵ نییە پێچەوانەى حوکمى الله بێت.

٢. وە لە نێوان دیمۆکراسییەتێک کە حوکمى خەڵک و پەرلەمان نەخرێتە شوێنى حوکمى خوا، بەڵکو تەنها ئامرازێک بێت (بەزۆر کرابێت بە واقیع بێ ویست و ڕەزاى ئێمە) بۆ چۆنیەتى هەڵبژاردنى ئەندامانى پەرلەمان و دانانى سەرکردەى وڵات، کە ئەمە لە شێوازیدا پێچەوانەى شەرعى تێدایە؛ چونکە حیساب تەنها بۆ ڕاى زۆرینە دەکرێت، بەڵام ئەم (کردارە) تەنها تاوانە نەک کوفر، وە کە پەرلەمان یاساوڕێسایان دانا بۆ بەڕێوەبردن، بەمەرجێک قەبوڵە کە دژ بە یاساکانى خودا نەبن و لەبەرژەوەندى میللەتدابن، وەک ڕێنماییەکانى هاتوو چۆو هاوشێوەکانى، کە.

 

 

64.   سەلەفییەت و هەڵبژاردن

تۆمەت/ دەڵێن: سەلەفیەکان پێشتر دەنگدان و هەڵبژاردنیان بە کوفر داناوەو ئێستا بە شەرعى دادەنێن!

ڕاستى/ نەخێر، سەلەفیەکان هیچ کاتێک نەیان وتووە خودى پڕۆسەى دەنگدان و هەڵبژاردنى ئەندام پەرلەمان و سەرکردەى وڵات کوفرە، بەڵکو وتویانە ڕێگایەکى شەرعى نییە؛ چونکە حیساب بۆ زۆرینەیە نەک بۆ بەڵگەو ڕاستى، وە تەزویرو دەنگ کڕینى تێدا دەکرێت، بەڵام کە هەڵبژاردن بوو بە واقیع و هەر کرا ئەوا بە بەراوردى (مصلحە و مفسدە) دەڵێن دەنگ بەو کەسە بدەن کە (دەتوانێت) خزمەت بە ئیسلام و موسڵمانان بکات، یان لەوانى تر بەسود تر دەبیت، یان هەرنا زەرەرى کەمتر دەبێت.


تێبینییە گرنگەکان:

شیکردنەوەی هۆکارەکانی ئەم تۆمەتانە

أ) هۆکارە بابەتییەکان

١. تێکەڵکردنی کەس و پەیڕەو

·              تێکەڵکردنی کردەوە هەڵەکانی تاکەکان بە پەیڕەوی گشتی.

·              گشتگیرکردنی هەڵوێستی کۆمەڵە دیاریکراوەکان بەسەر هەموواندا.

·              جیاکاری نەکردن لە نێوان توندڕەو و میانڕەوەکاندا.

٢. جیاوازی لە تێگەیشتنی دەقەکاندا

·              جیاوازی ڕاستەقینە لە تێگەیشتن و جێبەجێکردنی دەقەکاندا.

·              جیاوازی لە ڕەچاوکردنی مەبەستەکان (المقاصد) و بەرژەوەندییەکان (المصالح).

·              ناکۆکی لە کۆنترۆڵەکانی ئیجتیهاددا.

٣. چوارچێوەی مێژوویی و سیاسی

·              بەستنەوەی پەیڕەو بە ڕووداو و کردەوە سیاسییە دیاریکراوەکانەوە.

·              کاریگەری ململانێ تائیفی و سیاسییەکان.

·              تێکەڵکردنی هەڵوێستە ئایینی و سیاسییەکان.

ب) هۆکارە نابابەتییەکان

١. هەڵمەتە ڕاگەیاندنەکان

·              شێواندنی بە مەبەست لە لایەنە دژەکانەوە.

·              گەورەکردنی هەڵەکان و پشتگوێخستنی لایەنە ئەرێنییەکان.

·              تەرکیزکردنە سەر نموونە خراپەکان.

٢. توندڕەوی مەزهەبی

·              ململانێی نێوان قوتابخانە فیقهی و بیروباوەڕییەکان.

·              ڕەتکردنەوەی داننان بە جیاوازی ڕێپێدراو.

·              زیادەڕەوی لە هەڵەخستنە پاڵی لایەنی بەرامبەر.

٣. تێنەگەیشتن و نەزانی

·              تێنەگەیشتن لە زاراوە و چەمکە سەلەفییەکان.

·              پشت بەستن بە سەرچاوەی نادروست.

·              خوێندنەوەی هەڵبژاردەیی بۆ وتەی زانایان.


هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ تۆمەتەکان

أ) تۆمەتانێک کە بنەمایان هەیە

١. توندڕەوی لە هەندێک پرسی لاوەکیدا

·              هەندێک سەلەفی بەڕاستی توندڕەون لە پرسە لاوەکییەکاندا.

·              هەندێک جار زیادەڕەوی لە جێبەجێکردنی هەندێک حوکمدا هەیە.

·              کاریگەربوون بە ژینگە و ڕۆشنبیری ناوخۆیی لە تێگەیشتنی ئاییندا.

٢. لاوازی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازدا

·              هەندێک جار کورت هێنان لە ئەدەبی ناکۆکیدا.

·              زیادەڕەوی لە هۆشداریدان لە جیاوازەکان.

·              کەمی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی و زیانەکان لە هەندێک هەڵوێستدا.

ب) تۆمەتانێک کە زیادەڕۆیی تێدا کراوە

١. تەکفیرکردن و دوورخستنەوە

٢. دژایەتی کردنی زانست و شارستانیەت

·              .

ج) تۆمەتانێک کە بە تەواوی پووچەڵن

١. تەجسیم و تەشبیه (جەستەدانە پاڵ خودا و شوبهاندن)

٢. قەدەغەکردنی خوێندن و کارکردنی ژن


کۆتایی: بەرەو تێگەیشتنێکی دادپەروەرانەتر

بنەماکانی هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانە:

١. جیاکردنەوەی نێوان پەیڕەو و کەسەکان

·              بارنەکردنی هەڵەی هەندێک لە سەر بە پەیڕەو بەسەر پەیڕەوەکەدا.

·              جیاکردنەوەی نێوان تیۆری و جێبەجێکردن.

·              ڕەچاوکردنی هەمەجۆری لەناو قوتابخانە یەکگرتووەکەدا.

٢. چوارچێوە و بارودۆخ

·              تێگەیشتن لە بارودۆخە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان.

·              ڕەچاوکردنی ژینگەی ڕۆشنبیری و سیاسی.

·              جیاکردنەوەی نێوان هەڵوێستی ئایینی و سیاسی.

٣. گشتگیری لە سەیرکردندا

·              تەنها سەیری لایەنە نەرێنییەکان نەکردن.

·              سەیرکردنی بەشدارییە ئەرێنییەکان.

·              هەڵسەنگاندنی کاریگەری گشتی و گشتگیر.

٤. دادپەروەری لە گواستنەوە و حوکمداندا

·              دڵنیابوونەوە لە ڕاستی گواستنەوە.

·              گەورە نەکردنەوەی هەڵەکان یان پشتگوێخستنی ڕاستییەکان.

·              ڕەچاوکردنی ئەدەبی ناکۆکی و ڕەخنەی بنیادنەرانە.

·         گشتاندن هەڵەیە: دروست نییە ئەم تۆمەتانە بەسەر هەموو ئەوانەدا گشتگیر بکرێت کە خۆیان دەدەنە پاڵ پەیڕەوی سەلەفی.

·         جیاکردنەوە پێویستە: پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان پەیڕەوی زانستی دروست و کردەوە هەڵەکانی هەندێک تاکدا.

·         هەمەجۆری بوونی هەیە: هەمەجۆری و جیاوازی لە نێوان زانا سەلەفییەکاندا هەیە لە زۆرێک لە پرسە لاوەکییەکاندا.

·         چوارچێوە گرنگە: هەندێک لەم تۆمەتانە لەوانەیە لە بارودۆخی دیاریکراودا ڕاست بن و لە هەندێکی تردا هەڵە بن.

·         دادپەروەری پێویستە: هەڵسەنگاندنی هەر پەیڕەوێک دەبێت بە دادپەروەری و بابەتیانە بێت، دوور لە لایەنگری پێشوەختە.



د.عبداللطیف أحمد مصطفى الأمین

‏01‏/08‏/2025