logo

ڕاست کردنەوەى چل درۆو بوهتان لەسەر سەلەفیەکان

بڵاوکراوەتەوە لە 12ی ئابی 2025
ڕاست کردنەوەى چل درۆو بوهتان لەسەر سەلەفیەکان

ڕاست کردنەوەى چل درۆو بوهتان لەسەر سەلەفیەکان

د.عبداللطیف أحمد مصطفى الأمین

‏01‏/08‏/2025

زۆر قسەى ناراست دەبیستین کە دەدرێنە پاڵ سەلەفیەکان، وە بوهتانى زۆریان بۆ دەکرێت، کە هۆکارەکەشى پێنج شتە:

یەکەمیان نەناسینى سەلەفیەکان وەکو خۆیان، وە وەصف کردن و باسکردنیان بەگوێرەى ئەو قسانەى کە لە ناحەزانیانەوە بیستراون.

دووەمیان: بە هەڵە حاڵى بوون لە هەندێ لێدوانیان و لێکدانەوە کردنى هەڵە بۆ هەڵسوکەوتیان.

سێیەمیان: نەناسینى کۆمەڵێک بابەتى دینى وەکو خۆى، بۆیە کاتێک دەبینن سەلەفیەکان باسى ئەو کۆمەڵە بابەتە دینیە دەکەن یەکسەر گومانى خراپیان پێ دەبەن و وا دەزانن کە سەلەفیەکان لە دین لایانداوە، نازانن کە خۆیانن بێ ئاگان لە کۆمەڵێک بابەتى دینى.

چوارەمیان حەسودى و ڕق و کینە وا لە هەندێک کەس دەکات زەمى سەلەفیەکان بکات و ناشرینیان بکات بە بوهتان بۆ کردنیش بێت!.

پێنجەم: خراپى هەندێک کەسى بەناو سەلەفى، کە وێنەیەکى ناشرینیان نیشان داوەو بونەتە پەڵەیەکى ڕەش بەناو چاوانى سەلەفیەکانەوە.

 

ناڕاستى

ڕاستییەکەى

1.       

دەڵێن: سەلەفیەکان دینێکى تازەیان هێناوە

نەخێر، سەلەفیەکان ئەو دینە نیشانى خەڵک دەدەن کە لە کۆنەوە پێغەمبەر علیه الصلاە والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون.

2.       

دەڵێن: سەلەفیەکان دیندارى موسڵمانانیان قەبوڵ نییە

نەخێر، سەلەفیەکان شتانێکیان قەبوڵ نییە بەناوى دیندارییەوە کە لە داهێنراو بن و فەرمانى پێغەمبەر علیه الصلاە والسلام ى لەسەر نەبێت.

3.       

دەڵێن: سەلەفیەکان نامۆن بە تایپى دیندارى کوردەوارى

نەخێر، سەلەفیەکان نامۆن بە تایپى دیندارى شەخص پەرستى و خوڕافەت و بیدعەکارى نەك بە دیندارى کوردەوارى.

4.       

دەڵێن: سەلەفیەکان سەڵاوات بە دروست نازانن

نەخێر، سەلەفیەکان سەڵاوات لێ دەدەن و بە عیبادەتى دەزانن، بەڵام ناچن لە شوێن و کاتێکدا وە بە شێوەیەک بیکەن کە پێغەمبەر عليه الصلاة والسلام نەیکردووە.

5.       

دەڵێن: سەلەفیەکان لەگەڵ موسڵمانان نین؛

چونکە ئەوەندەی دژایەتی ئیسلامیەکان دەکەن ئەوەندە دژایەتی عەلمانیەکان ناکەن

نەخێر، سەلەفیەکان لەگەڵ تێکڕاى موسڵمانانن و هەموانیان بە براى خۆیان دەزانن، بەڵام لەگەڵ تاقم و گروپە حزبیىەکان و توند ڕەوە تەکفیریەکان و تەڕیقەتە خوڕافیەتەکان نین و ئینکرارى لە بیروباوەڕە خراپەکانیان دەکەن کە بونەتە هۆى گومڕابون و بەڵا بۆ موسڵمانان، وە هەروەها عەلمانیەتیش بە کوفر دادەنێن و ئینکارى لێ دەکەن.

6.       

دەڵێن: سەلەفیەکان، دەسەڵاتدارانى یەکێتى و پارتى دروستیان کردون بۆ لێدانى ئیسلامیەکان!

نەخێر، سەلەفیەکان لەهەموو جیهاندا هەر هەبون پێش دروست بونى حزبە کوردیەکانیش و پێش ئیسلامیەکانیش؛ چونکە سەلەفیەت درێژ بونەوەیەکى ئاسایى ئەو ئیسلامەیە کە سەلەفى صاڵح واتە پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون، بەڵام ناحەزانى سەلەفى کە شکستیان هێنا ناچار ئۆباڵەکەى دەخەنە ئەستۆى سەلەفیەکان!

7.       

دەڵێن: سەلەفیەکان دروستکراوى جولەکەو بەریتانیان!

نەخێر، سەلەفیەکان خەڵک بانگ دەکەن بۆ لاى خواپەرستى و شوێن کەوتنى پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و پابەند بونى تەواو بە ئیسلام، وە ئەو ڕێبازە دینداریە لە ناو خەڵکدا زیندوو دەکەنەوە کە پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون، کەواتە بەریتانیاو جولەکە چ سودێک دەبینن لە دروست کردنیان؟!

8.       

دەڵێن: سەلەفیەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارە ستەمکارەکانن!

نەخێر، سەلەفیەکان نە دەستیان هەبووە لە دانانى دەسەڵاتدارانى وڵات، وە نە ئەوانیش هێشتویاننەوە لەسەر حوکم، وە نەپشتیوانى لە ستەمکارى و گەندەڵى و بێ شەرعیش دەکەن، وە هەرکەسێ لەگەڵ حزبە ئیسلامیەکان نەبوو ماناى ئەوە نییە لەگەڵ دەسەڵاتداران بێت، بەڵکو ئەوان شەرعیانەو حەکیمانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن وە لەگەڵ ململانێ نین لەسەر کورسى دەسەڵات.

9.       

دەڵێن: سەلەفیەکان بێ دەنگن لەسەر ئەو هەموو گەندەڵیەى دەسەڵاتداران!

نەخێر، سەلەفیەکان بێدەنگ نەبون لەسەر هیچ بڕیارو مامەڵەیەکى خراپى دەسەڵات بەڵکو بەردەوام ئامۆژگارى خێرى دەسەڵاتدارانیان کردووەو بە ئاشکراش ئینکارییان لە (خراپەو گەندەڵى و سەتەم) کردووە، بەڵام بەشێوەیەکى شەرعى و حەکیمانە نەک بە شێوەى فیتنەو ئاژاوەگێڕانەو کاول کارانە

10.    

دەڵێن: سەلەفیەکان لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵى دەسەڵاتدارن

نەخێر، سەلەفیەکان تەنها لە بڕیارى چاکدا گوێڕایەڵن و لە خراپەدا گوێڕایەڵى هیچ کەسێک کەسێک ناکەن.

11.    

دەڵێن: سەلەفیەکان لە جیاتى هاندانى خەڵکى بۆ خۆپیشاندان و هەڵکوتانە سەر دەسەڵاتداران و گۆڕینیان بە خەڵکى موچەبڕاوو ماف خوراو دەڵێن سەرتان کزبکەن و سەبر بگرن و ڕازى بن بەم واقیعە خراپە!

نەخێر، سەلەفیەکان نەیان وتووە بە خراپە ڕازى بن، وە نەیان وتووە ئاساییە مافتان بخورێت، بەڵام وتویانە کارێکى هەڵەشە مەکەن کە دەرەنجامەکەى زەلیلى زیاترو زەرەرى زیاترى بەدواوە بێت؛ چونکە صەبرى ئێستا ئاسانترە لەسەبرى دواى فیتنەو ئاشوب، بۆ نمونە صەبر گرتنى خەڵکى غەزە لەسەر دەست درێژىکاریەکانى ئیسڕائیل پێش هێرشەکەى حەماس ئاسانتر بوو یان صەبر گرتنى ئێستایان کە دەیان هەزاریان لێ کوژراوەو لێیان بریندارو سەقەت کراوەو ماڵیان نەما، نانیان نەما، کارەبایان نەما، ئەمانیان نەما؟!

12.    

دەڵێن: سەلەفیەکان کاربەدەستانیان بەلاوە وەلى ئەمرن وەک ئەبوبەکرو عومەر!

نەخێر، سەلەفیەکان نە وتویانە وەک ئەبوبەکرو عومەرن وە نە وتوشیانە لەخواترس و دادپەروەرن، تەنها وتویانە لە ئێستادا ئەمانە کاربەدەستى وڵاتن و ئەرک و بەرپرسێتى خەڵک و وڵاتیان لە ئەستۆدایەو کە لە خەمى دین و ژینى خەڵکدا نەبن و دادپەروەر نەبن و خیانەتیان لێ بکەن شایستەى دۆزەخن.

13.    

دەڵێن: سەلەفیەکان جاسوسى لەسەر گەنج و مامۆستا حەق بێژەکان دەکەن!

نەخێر، سەلەفیەکان بەبەڵگەى زانستى وەڵامى زێدەڕەوان دەدەنەوە نەک بە هانابردن بۆ دەسەڵات، وە حکومەت خۆى هەموو مامۆستاو بانگخوازەکان دەناسێت و پێویستى بە سەلەفیەکان نییەو زێدەڕەوو هەڵەشەکان خۆیان بە ئاشکرا هاوار دەکەن و خۆیان ناساندووە کە حکومەت و ئەوانەش بە کافر دادەنێن کە وەک ئەوان بیرناکەنەوە.

14.    

دەڵێن: سەلەفیەکان پشتیوانى دەکرێن لەلایەن دەسەڵاتەوە

نەخێر، سەلەفیەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە لە زۆر شوێن مافى رەواى خۆشیان پێ نەدراوە وەک صۆفیەک و دەروێشێک و کۆمەڵ و یەکگرتویەک و وەک بێدینێکى بێگانەش، ژمارەى مزگەوتى هەموو تاقمەکان زیاترن لە هی سەلەفیەکان، لە زۆر شار ناهێڵن کۆڕو دەرسیان هەبێت وە ناهێڵن ئەکادیمیاى ئامۆژگارى بونى هەبێت!

15.    

دەڵێن: سەلەفیەکان تەنها باسی شرکی قبور ئەکەن وازیان هێناوە لەشرکی قصور

نەخێر، سەلەفیەکان موسڵمانانیان وریا کردۆتەوە لە هەمو شەریک بۆ خوادانانێک: جا خەڵکى سادەو بێ دەسەڵات کردبێتى یان دەسەڵاتدار، بەڵام لەشەرعدا شرکێک نییە بەناوى شرکى قصور، وە مەرج نییە ئەوەى لەناو قەسرو کۆشکى دەسەڵاتدابیت موشریک و کافر بێت و بەکافرى دابنێین، وە ئەم زاراوەی شیرکى قصورە ئەوانە دایان هێنا کە شەڕ بۆ کوسى دەسەڵات دەکەن، نەک بانگەوازى بۆ تەوحید.

16.    

دەڵێن: سەلەفیەکان دژى موسڵمانانى غەززەن!

نەخێر، سەلەفیەکان هاوخەم و بەپەرۆشى خەڵکى غەزەن و دوعایان بۆ دەکەن و هاوکارییان بۆ کۆکردونەتەوەو پێشیان گەیاندون، بەڵام ڕەخنەیان لە کارەکەى حەماس بوو کە ئەم نەهامەتیەیان بەسەر خەڵکەکەداهێنا، کەچى ئیخوانەکان سورن لەسەر تێکەڵ کردنى مەلەفى حەماس لەگەڵ مەلەفى خەڵکى غەزە، واتە کە ڕەخنەت لە حەماس گرت یەکسەر وا لێکدانەوە بۆ قسەکەت دەکەن کە تۆ قسەت بە موسڵمانانى غەزە وتووە!

17.    

دەڵێن: سەلەفیەکان باوەڕیان بە جیهاد نییە و زەلیلى و سەرشۆڕییان دەوێت بۆ موسڵمانان!

نەخێر، سەلەفیەکان باوەڕیان بە جیهادى شەرعى هەیە کە بەگوێرەى شەرعەو لەبەرژەوەندى ئیسلام و موسڵمانانە، بەڵام یاوەڕیان بەو کارە هەڵەشەییە بێ حیکمەتانە نییە کە زەرەرى سەد قات زیاترە لە قازانجى بۆ موسڵمانان، وە لەجیاتى ڕزگار کردنى موسڵمانان زەلیلى زیاتریان توش دەکات، ئەم جۆرە کاولکاریە بە جیهاد دانانێن.

18.    

دەڵێن: سەلەفیەکان موڕجیئەن و کافر بە کافر دانانێن!

نەخێر، سەلەفیەکانن ئەهلى سوننەن، وە تەنها ئەوانە بە کافر دادەنێن  کە خوداو پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام بە کافرى داناون، وەک: ئەوانەى نەهاتونەتە ناو بازنەى ئیسلام، یان دواى موسڵمان بونیان هەڵگەراونەتەوە، نەک موسڵمانى تاوانبار،

بەڵام کافر کردن ئیشى هەرزەو چالاکوانى سۆشیاڵ میدیا نییە، بەڵکو ئیشى قازى و زانای تێگەیشتوو و پێگەیشتووە، کە تاوەکو مەرجەکانى کافرکردن لەکەسێکدا نەبن بەکافرى دانانێن.

19.    

دەڵێن: سەلەفیەکان صۆفى و دەروێشەکان بە کافر دەزانن!

نەخێر، سەلەفیەکان هاوارکردنە شێخ بە کوفر و شیرک دەزانن؛ ئەوەش چونکە خواى پەروەردگار لە قورئانەکەیدا بە شیرکى داناوە.

20.    

دەڵێن: سەلەفیەکان ڕێز لە پیاوچاکان و ئەولیاى خوا ناگرن!

نەخێر، سەلەفیەکان ڕێز لە پیاوچاکان و ئەولیاى خوا دەگرن، بەڵام زێدەڕەوییان تێدا ناکەن و نایان پەرستن و سیفاتى خوایەتییان پێ نادەن و باوەڕیان بەوە نییە غەیب بزانن و هیچیان بەدەست بێت.

21.    

دەڵێن: سەلەفیەکان داعشى نوستون

نەخێر، سەلەفیەکان لە هەموو کەس زیاتر بەرپەرچى شوبهەکانى داعشیان دایەوەو خەڵکیان لێ وریاکردنەوەو فەتوایاندا بەرپەرچ بدرێنەوەو پارێزگارى لە میللەت و وڵاتى خۆمان بکەین و نەهێڵین بێنە ناومانەوەو داگیرمان بکەن.

22.    

دەڵێن: سەلەفیەکان وەلائو خۆشەویستییان بۆ وڵات و نیشتیمانى خۆیان نییە، بەڵکو بۆ وڵاتانى ترە!

نەخێر، سەلەفیەکانى هەر وڵاتێک خزمەت کردنى میللەت و وڵاتى خۆیان بە ئەرکى سەرشانیان دەزانن پێش هەر وڵاتێکى تر .

23.    

دەڵێن: سەلەفیەکان پیاوى سعودیەن و لەوێوە یارمەتى دەدرێن و ئاراستە دەکرێن

نەخێر، سەلەفیەکان پیاوى کەس نین و سەر بە هیچ وڵاتێک نین و یارمەتییان لە هیچ وڵاتێکەوە بۆ نایەت و ڕێنمایى لەکەس وەرناگرن جگە لە قورئان و سوننەت، بەڵام سعودیەیان خۆش دەوێت لەبەر ئەوەى خزمەت لە ئێستادا بە ئیسلام و موسلمانان دەکەن و پارێزگارى لە تەوحید دەکەن، وە هەر شتێکیش لەوێ بکرێت خراپ بێت و پێچەوانەى شەریعەت بێت ئەوان لەگەڵى نین و خراپە بە خراپ دادەنێن.

24.    

دەڵێن سەلەفیەکان فەرمان لە زانا سعودیەکان وەردەگرن و لەلایەن ئەوانەوە ئاراستە دەکرێن.

نەخێر، سەلەفیەکان لە لایەن زانایانى هیچ وڵاتێکەوە ئاراستە ناکرێن، وە ڕێز لە زانایانى ئەهلى سوننەى هەموو شوێنێک دەگرن، وە حەقیش قەبوڵ دەکەن لە زاناى هەر وڵاتێکەوە بێت.

25.    

دەڵێن: سەلەفیەکان لەگەڵ پێکەوە ژیان نین 

نەخێر، سەلەفیەکان ئامادەى پێکەوە ژیانن -بە گوێرەى شەرع- لەگەڵ هەموو موسلمانان و تەنانەت لەگەڵ گاورو بێ باوەڕێکیش کە دژایەتى دینەکەمان نەکات و ستەم لە موسڵمانان نەکات.

26.    

دەڵێن سەلەفیەکان هۆکارن بۆ پەرتەوازەیی نێوان موسڵمانان

نەخێر، سەلەفیەکان نەهاتون حزبێک یان تەریقەتێک دروست بکەن تاوەکو پەرتەوازەیى زیاد بکەن، بەڵکو ئەوەى موسڵمانانى پەرتەوازە کردووە ئەو هەموو حزبە ئیسلامى و تەریقەتە سۆفى و مەزهەبە کەلامیەیە کە کەسیان بەوى تر رازى نین و کە لەگەڵیشیان نەبیت تۆ بە هۆکارى پەرتەوازەیى دادەنێن!، سەلەفیەکان داوادەکەن هەموو موسڵمانان یەک کۆمەڵ و یەک ڕیز بن لەسەر ئەو ڕێبازەى کە پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون.

27.    

دەڵێن سەلەفیەکان لا مەزهەبین و باوەریان بە مەزهەب نیە و پەیڕەوی هیچ مەزهەبێک نین، وە حیساب بۆ هیچ زانایەکی گەورەى ئیسلام ناکەن

نەخێر، سەلەفیەکان لەهەر وڵاتێک بن پابەندى مەزهەبى فیقهى ئەو ناوچەیەن، بەڵام بە بێ دەمارگیرى، وە کە فەرمودەیەکى پێغەمبەر علیه الصلاە والسلام ببینن پێچەوانەى مەزهەبەکە بێت، ئەوا فەرمودەکە دەخەنە پێش مەزهەبەکە.

28.    

دەڵێن: ڕۆژێک دێت سەلەفییەکانیش دەبن بە حیزبێکى سیاسى! .

نەخێر، سەلەفیەکان باوەڕیان بە پارچە پارچەکردنى موسڵمانان نییەو ئیش لەسەر ململانێى کورسى دەسەڵات ناکەن تاوەکو پێویستیان بە دروست کردنى حزبى سیاسی بێت، وە ئەوان داوا لە هەموو حزبەکان دەکەن واز لە حزبایەتى بێنن و دیندارى و خزمەتى میللەت و وڵاتیان بکەن بەیەک ڕیزى و یەک دەستەیى

29.    

دەڵێن: سەلەفیەکان تەیمیەیى و وه‌هابی و جامى و مه‌دخه‌لین و سه‌له‌فی نین! ...

نەخێر، سەلەفیەکان بەخۆشیان و بە تێکڕاى موسڵمانانیش دەڵێن شوێن ڕێبازى سەلەفى صاڵح بکەون، کە پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام و هاوەڵانى لەسەرى بوون، وە هیچ کاتێک نەیان وتووە خەڵکینە ببنە تەیمیەیى یان وەهابى یان جامى یان مەدخەلى، هەرچەندە ئەم چوار نازناوە دەگەڕێنەوە بۆ چوار زاناى ئیسلام کە خزمەتیان بە تەوحیدو سوننەت کردووە بەرپەرچى لاڕێ بوانیان داوەتەوە؛ بۆیە شەخص پەرست و کورسى پەرست و بیدعەچییەکان ڕقیان لێیانە.

30.    

دەڵێن: سەلەفیەکان موجەسیمەن...

نەخێر، سەلەفیەکان نەیان وتووە خودا لاشەو جسمى هەیە، بەڵکو تەنها وەسفى خودایان کردووە بەو وەسفانەى لەقورئان و سوننەتدا وەسفى پەروەردگاریان پێ کراوە، بەو شێوەیەى لایەق و شیاوى خۆیەتى بێ وێچواندن و چۆنیەتى بۆ دانان و دەستکارى کردن و گۆڕانکارى.

31.    

دەڵێن: سەلەفیەکان تەنها سەلام لە ڕیشدارەکانى هاوشێوەى خۆیان ئەکەن!

نەخێر، سەلەفیەکان بە سوننەتى دەزانن سەلام لە هەموو موسڵمانێک بکەن و کردوشیانە، مەگەر لەکەسێکیان نەکردبێت کە دژى تەنها خواپەرستى و سوننەت بێت، یان لە بیریان چوبێت و بەهۆى سەرقاڵى کەسى بەرامبەریان نەبینیبێت بۆیە سەلامیان نەکردبێت.

32.    

دەڵێن: سەلەفیەکان پێشتر وتوتانە کۆمەک مەنێرن بۆ غەززە؛ چونکە ناگات و ئێستا خۆیان هاوکارییان گەیاندووە

نەخێر، سەلەفیەکان هیچ کات نەیان وتووە هاوکارى خەڵکى لێقەوماوو برسى غەززە مەکەن، بەڵکو وتویانە: دەڵێن ناگات، وە وتویانە هەر کەسێ بتوانێت بیگەیەنێت پێى بدەن، وە پێشتر خۆمان ڕێمان نەدۆزیبۆوەو دڵنیا نەبووین، بەڵام کە ڕێگەمان دۆزیەوە هاوکاریمان کۆکردەوەو ناردمان.

33.    

دەڵێن: سەلەفیەکان پێشتر دەنگدان و هەڵبژاردنیان بە کوفر داناوەو ئێستا بە شەرعى دادەنێن!

نەخێر، سەلەفیەکان هیچ کاتێک نەیان وتووە خودى پڕۆسەى دەنگدان و هەڵبژاردنى ئەندام پەرلەمان و سەرکردەى وڵات کوفرە، بەڵکو وتویانە ڕێگایەکى شەرعى نییە؛ چونکە حیساب بۆ زۆرینەیە نەک بۆ بەڵگەو ڕاستى، وە تەزویرو دەنگ کڕینى تێدا دەکرێت، بەڵام کە هەڵبژاردن بوو بە واقیع و هەر کرا ئەوا بە بەراوردى (مصلحە و مفسدە) دەڵێن دەنگ بەو کەسە بدەن کە (دەتوانێت) خزمەت بە ئیسلام و موسڵمانان بکات، یان لەوانى تر بەسود تر دەبیت، یان هەرنا زەرەرى کەمتر دەبێت.

34.    

دەڵێن: سەلەفیەکان هەموو گروپە ئیسلامیەکانى تر جگە لە خۆیان بە کافر دادەنێن

نەخێر، سەلەفیەکان نە  بە حزبە ئیسلامیەکان وە نە بە سۆفیەکانیان نەوتووە کافرن و لە دین دەرچوون، وە هیچ موسڵمانێک بەکافر نازانن، بەڵکو هەر کامێکیان کردارێک یان گوفتارێک یان بیروباوەڕێکى کوفرییان هەبێت ئەوا بڕیار لەسەر ئیشەکەى دەدەن بە کوفر نەک لەسەر خۆى؛ چونکە مەرج نییە هەرکەسێک توشى کوفر بێت یەکسەر بەکافردابنرێت.

35.    

دەڵێن: سەلەفیەکان خوێنى موسڵمانان بە حەڵال دەزانن!

نەخێر، سەلەفیەکان خوێن و ماڵ و عیرزو ناموسى موسڵمانان بە پارێزراو دەزانن و دورترین کەسن لە بەکافردانان و خوێن حەڵاڵ کردنى خەڵک.

36.    

دەڵێن: سەلەفیەکان پشتیوانى جولەكەیان کردو دژى موسڵمانانى موجاهید وەستانەوە!

نەخێر، سەلەفیەکان بەردەوام دوعا لە جولەکە زایۆنیە داگیرکارە خوێن ڕێژەکان دەکەن و بە خراپ باسیان دەکەن، وە دوعا دەکەن خودا موسڵمانان سەربخات بەسەریاندا، بەڵام کە وتمان حەماس هەڵەى کرد لەو هێرشەى کە بووە هۆى ئەو هەموو زەرەرو زیانەى بەسەر غەززە داهات، ئەوە ماناى ئەوە نییە کە ببینە جولەکەو پشتیوانى جولەکە، بەڵکو ئەو کەسە خزمەتى بەجولەکە کردووە کە بیانوى دایە دەست بۆ ئەو هەموو کوشتارو کاول کارییە.

37.    

دەڵێن: سەلەفیەکان توندڕەون و هەموو شتێکیان بەلاوە کوفرو بیدعەو حەرامە!

نەخێر، سەلەفیەکان میانڕەون و دژى توندرەوین؛ چونکە ئەوان دەستیان گرتووە بە ئاینى ئیسلام وەک خۆى کە لە بنەڕەتدا میانڕەوییە، وە دەست گرتنیان بە قورئان و سوننەت توندرەوى ناگەیەنێت؛ چونکە توندرەوى بریتییە لە بە حەرام دانانى حەڵاڵەکان و بەکافردانانى تاوانباران و مامەڵەى توند لەگەڵیان و حەڵاڵ کردنى خوێن و ماڵ و ناموسیان، وە هەر لەبەر میانڕەوێتییەکەیانە کەسانى زێدەرەو بە کافریان دەزانن.

38.    

دەڵێن: سەلەفیەکان نەخوێندەوارو دوا کەوتوون و باوەڕیان بە پێشکەوتويى و شارستانيەت و دونیاى مۆدێرن نییەو هەموو داهێنانێکى تازە بە بیدعەو حەرام دەزانن

نەخێر، سەلەفیەکان کەسانى زیرەک و شارەزاو لێهاتوى زۆریان تێدایە لە هەموو بوارەكان  لە هەموو جیهان، وە زۆربەى زانا گەورەکانى ئیسلام لەوانن. وە هەموو پێش کەوتنێکى دونیایى بەسودیان بەلاوە قەبوڵە، وە بەم جۆرە داهێنانە دونیاییانەیان نەوتووە بیدعەو حەرام، بەڵکو بە دەستکارى کردنى دین و شت بۆ زیاردکرنى دەڵێن بیدعەو حەرام.

39.    

دەڵێن: سەلەفیەکان دەمارگیرو وشکن و قسەى کەسى تریان بەلاوە قەبوڵ نییەو ئامادەى گوێگرتن و گفتوگۆ نین

نەخێر، سەلەفیەکان دەمارگیرییان بۆ قسەى هیچ کەسێک نییە جگە لە قسەى خواو پێغەمبەر علیه الصلاة والسلام، وە قسەى حەق لاى هەر کەسێک بیت وەرى دەگرن و ئامادەى گفتوگۆو حیواڕن بە زانستى، وە مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکیدا ڕێزدارانەیە نەک وشک.